Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:42

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا: عێراقییەکان نایانەوێت وڵاتەکەیان لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندا بێت

کوردستان TV
100%

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، عێراقییەکان نایانەوێت وڵاتەکەیان لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندا بێت و جەختیش دەکاتەوە کە ناوچەکە بەگشتیی و عێراق بەتایبەتی بۆ ئەمریکا گرنگی خۆی هەیە و ناوچەکە جێناهێڵن.

ئەلینا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوزی) عەرەبی ڕایگەیاند: نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا، لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەردانی سعوودییەی کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە کۆبووەوە، بەڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا ناوچەکە جێناهێڵێت، بەپێی ئەوەی ناوچەکە گرنگیی خۆی هەیە، ئێمە لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، ڕۆشنبیری و پەروەردەدا پەیوەندیی درێژخایەنمان هەیە.

ڕاشیگەیاند: بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ هاوبەشەکانمان کارمان کرد، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک ئاستەنگ، بەتایبەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە جیاوازەکان لە ناوچەکە، کەواتە ڕوونە کە ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و خواستی قوڵکردنەوەی هاوبەشییەکانی لەگەڵ وڵاتەکان لە ناوچەکەدا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ عێراق.

ڕۆمانۆڤسکی لەبارەی دۆخی عێراق گوتی: کاتێک دەچمە دەرەوە و قسە لەگەڵ عێراقییەکان دەکەم، زۆر بەڕوونی بۆم دەردەکەوێت کە ئەوان نایانەوێت وڵاتەکەیان لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندا بێت، بەڵکوو دەیانەوێت میلیشیاکان چەک داماڵن و ڕادەستیی حکوومەتی بکەنەوە.

گوتیشی: بۆیە سروشتی پەیوەندیی سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەو گرووپ و کوتلە چەکدارانەدا هەرچییەک بێت، دەبێت ئامانجەکە لەسەر ئەوە بمێنێتەوە کە عێراق سەقامگیری و ئاسایش بێت، ئەوەش ئامانجێکە بە سەرۆک وەزیران سپێردراوە تاوەکو جێبەجێی بکات.

هەر لەمبارەیەوە ئەوەشی گوت: ئەم سەقامگیرییە سوودی بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبێت، هەموومان ناتوانین وەبەرهێنان بهێنین بە قەبارەیەکی گەورەتر بەشداریی بکەین ئەگەر سەقامگیری و ئاسایش لە عێراقدا نەبێت.

ڕۆمانۆڤسکی هەروەها دەڵێت: هەوڵ دەدەین بەردەوام بین لە پاڵپشتی محەمەد ئەلسوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پابەندبوونی بە بنبڕکردنی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە عێراق. ئەو هەنگاوانەی ئێمە گرتوومانەتەبەر و ئێستاش دەینێین، لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و لەگەڵ بانکەکانی دیکە، ئامانجیان دڵنیابوونە لە بەهێزکردنی سیستەمی بانکی نێودەوڵەتیی لە عێراق.

دەشڵێت: ئامانجێکی دیکەی دڵنیابوونە لەوەی کە بانکەکان میکانیزمی پابەندبوونی پێویستییان بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق هەیە، هەروەها دڵنیابوون لەوەی کۆمپانیا عێراقییەکان هەست بە متمانە دەکەن و ڕای گشتی عێراق متمانەیان بەوە هەیە کە سیستەمێکی بانکیی پارێزگاری لە پاشەکەوت و سەرچاوە داراییەکانیان دەکات.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی پێویستە بانکەکانە پابەندی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بن، بەدەرکردنی هەموو ئەو کاراکتەرە زیانبەخشانەی کە ڕەنگە سیستەمی بانکی نێودەوڵەتیی بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاربهێنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.