له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان پارێزگاری هه‌ولێر و كونسوڵی گشتی وڵاتی چین، بڕیاردرا بۆ ئه‌مساڵ چه‌ندین فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌شداریكردن له خولی جۆراوجۆر ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته بكرێن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر له‌گه‌ڵ کونسوڵی گشتیی وڵاتی چین بەوەکالەت لە هەولێر كۆبووه‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەبارەى دۆستایەتی لەمێژینەی گەلی کورد و چین کرا و ته‌ئكید لەسەر پتەوکردنی ئەو دۆستایەتییە کرایه‌وه، هه‌روه‌ها جه‌خت له په‌ره‌پێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان له‌نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه.
كونسوڵی چین گوتی کە وڵاتەکەى ئامادەیە ساڵانە خولى بەهێزکردنى توانا مرۆییەکان بۆ کارمەندانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە و بۆ ئەمساڵیش داواكارن چەندین کارمەند بۆ بەشداریکردن له خوله‌كان سەردانى وڵاتى چین بکەن.
داواشى لە پارێزگارى هەولێر کرد هاوکار و یارمەتیدەریان بێت بۆ دروستکردنى باخچەى دۆستایەتى چین - کوردستان لە شارى هەولێر کە لەلایەن کونسڵخانەى وڵاتەکەیەوە، وەک سیمبولى دۆستایەتى چین و هەرێمى کوردستان دروست دەکرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێریش گوتی: وڵاتی چین وەک وڵاتێکی گەورەی بازرگانی جیهانی لەلاى ئێمە گرنگى خۆى هەیە، دەخوازین بە سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکانى وڵاتەکان خزمەتى زیاترى هەرێمى کوردستان و خاک و خەڵکەکەى بکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.