Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:50

دانیشتووانه‌كه‌ی قه‌ره‌بوو كرانه‌وه‌.. شوێنی گوندی ڕه‌شكین ده‌كرێته‌ پاڕك و سه‌وزایی

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆسەی تیروپشك بە پێدانی چەند پارچە زەوییەك بۆ قەرەبووكردنەوەی هەر خاوەن مافێکی گوندی ڕەشكین بەڕێوەچوو و هەر ئەمڕۆش سەنەدی زەوییەكانیان وەرگرت.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تیروپشكه‌كه‌ ڕایگەیاند: مافی دانیشتووانی ڕەشكین زۆر بە زیادەوە حسابی بۆ كراوە و لە شوێنە زۆر باشەكانی شاری هەولێر زەوییەکەیان وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەش كرد كه‌ ڕەشكین كەوتووەتە ناوچەی قەدەغەكراوی فڕۆكەخانەی هەولێر و لە ماستەرپلاندا سەوزاییە، بۆیە ئەو دامەزراوانەی ئەوێ لەوێ لادەچێت و لە شوێنەكەشی شەقامی دووساید بەناوی شەقامی ڕەشكین لەوێ دروست دەكرێت، هەروەها دەكرێتە پارك و ناوچەی سەوزایی و بە هەمانشێوە بەناوی "ڕەشكین" دەكرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە ناوی ڕەشكین بمێنێتەوە.

ساسان عەونی لە بەشێكی تری قسەكانیدا تیشكی خستە سەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت لە قەرەبووكردنەوەی دانیشتووانی ڕەشكین و لەمبارەیەوە گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دانیشتووانی ڕەكشین، مافیان نەفەوتێت و بە زیادەوەش مافیان پێ بدرێت، لە نزیكترین و باشترین شوێنەكانی شاری هەولێر بۆ قەرەبووكردنەوەی دانیشتووانی ڕەشكین، لە كەرتی 32ی پارك و ناوچەی تێرمیناڵ لە هەولێر زەوییان بۆ تەرخانکراوە، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەت گرنگترین زەوی شاری هەولێر بۆ دانیشتووانی ڕەشكین كردە قەرەبوو و شوێنی سەكەنی، بۆیە بە زیادەوە قەرەبووی دانیشتووانی ڕەشكین کراوەتەوە و هەر ئەمڕۆش سەنەدی تاپۆ وەردەگرن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە ڕێپێدان بە قەرەبووكراوەكانی ڕەشكین، گوتی: ئەوەی حەز دەكات لە 32ی پارك دەست بە دروستكردنی خانووەكەی بكات، ئەمڕۆ سەنەد وەردەگرێت و بە هەمانشێوە لە تێرمیناڵیش سەنەد وەردەگرن و یەكسەر ڕێپێدانیش وەردەگرن.

سەبارەت بە هەر سكالایەك لەسەر شێوازی قەرەبووكردنەوەكە، ساسان عەونی گوتی: هەر كەسێك ناڕازییە یان پێیوایە مافی وەك پێویست نەدراوە، تاوەكوو یەك هەفتە، لیژنەی قەرەبووكردنەوە سكاڵاكان وەردەگرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.