Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:44

وه‌زاره‌تی ناوخۆ دوایین واده‌ بۆ ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ی لۆگۆی ته‌كسی دیاری ده‌كات

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی چه‌ند ڕێنماییه‌كی نوێی له‌سه‌ر لۆگۆی ته‌كسی له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی ڕێنماییه‌كان تا رۆژی 15ی ته‌مووز مۆڵه‌ت به‌ شوفێران دراوه‌ مامه‌ڵه‌ی لۆگۆی ته‌كسییه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن، له‌دوای ئه‌م واده‌یه‌ شوفێران تووشی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و پێبژاردن ده‌بن.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕایگه‌یاند: دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانی وزاری ژمارە (3018/ ک) لە 25/ 1 /2023 ئاسانکاری کرد تا ئەو کارمەندانەی کەرتی گشتی (مەدەنی و سەربازی) کە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە، بتوانن بە شێوەی یاسایی لە دوای دەوامی فەرمی شوفێری تاکسی بکەن و ببنە خاوەن لۆگۆی تاکسی.

ڕاشیگه‌یاند: هەفتەی داهاتوو لەپێناوی تەواوکردنی پرۆسەی لۆگۆی تاکسی کە بە گوێرەی فەرمانی سەرەوە حەوت مانگ دەرفەت دراو و ڕێگه‌ درا تا 15ی تەمووزی 2023، ئەوانەی لۆگۆیان نەکردووە یان لێیان کردۆتەوە، لۆگۆ بکەن، ڕێنماییەکی گرنگ دەردەچێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیه‌كان کە هەفتەی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە:

1. هەموو تاکسییەک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تا 15ی تەمووزی 2023 مامەڵەی لۆگۆی تاکسییان تەواو کردبێت و لۆگۆیان لە تاکسیەکانیان دابێت.

2. (3) کارتی زانیاری داواکراویان لە ناو تاکسییەکانیان بە گوێرەی ڕێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بۆیان دروست دەکرێت، هەڵواسیبێت.

3. بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو ڕێكه‌وته‌، دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ کە لە کاتی بینینی تاکسی بێ لۆگۆ ڕاستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت (بە بڕی 40 چل هەزار دینار) و بە سیسته‌م بۆی ڕەوانە بکرێت.

4. هەر شوفێرێکی تاکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری بە هۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاری تاکسییەکە، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند یەکلا نەکاتەوە، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر.

5. هەروەها بە گوێرەی ڕێنماییەکە، تاکسی ناوشار ناتوانێت لە هێلەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تەکسی هێلەکانیش ناتوانن لەناو شار کار بکەن.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاگاداری هەموو شوفێرانی تاکسی كرده‌وه‌ کە سوود لەو ماوەی ماوە (کە کەمترە لە دوو مانگ) وەربگرن و بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی شارەکان بکەن بۆ تەواوکردنی لۆگۆی تاکسی، تا لە سزای دارایی و لێپرسینەوە خۆتان بپارێزن.

پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌ و ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕۆژانە تاکسی بەکار دەێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی کاریان یان چوونە بازار و شوێنی دیکە، هەموو زانیارییەکانی شوفیری تاکسی لە لای بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند دەپارێزرێ و سەرنشین لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ هەر تاکسییەکە، لە ڕێی ئەو کارتانەی زانیاری کە هەڵدەواسرێ، زانیاری دەربارەی شوفێرەکە دەزانێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.