شاندێکی باڵای شاری ناشڤێڵی ئەمریکا هاتوونەتە هەولێر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە، لەمبارەیەوە پارێزگری هەولێر و شاندی میوان ئومێدیان خواست لە داهاتوودا بتوانن کار و پڕۆژەى هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ شەممە 20ـی 05ـی 2023 ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی باڵای شاری ناشڤێڵ بە سەرۆکایەتیی جۆن کووپەر، مایەری شاری ناشفیل و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە و بۆرد و سەرۆکی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشڤێڵ لەگەڵ هەولێر کرد.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ناوەڕۆکی دیدارەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: ئومێد خۆشناو جەختى لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کارکردن بۆ ههماههنگیی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ لە بوارەکانى پهروهرد، تهندروستیی، کلتوور، هونهر و وهرزشی کردەوە و هەروەها باسی لە پتەوکردنى پەیوەندى زانستى و ئەکادیمیەکان بەشێوەیەکی گشتیی لەنێوان هەردوو شار کرد و هەردوولا ئومێدیان خواست لە داهاتوودا بتوانن کار و پڕۆژەى هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەن.
ڕاشیگەیاند: شاندی میوان خۆشحاڵیان بە سەردانەکەیان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان نیشان دا و سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیانی کرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە پارساڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شاندێکی باڵای هەولێری پایتەخت سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شاری ناشڤێڵیان کرد و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، لەبارەی دەستەخوشکی شاری هەولێر و ناشڤێڵ و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و دۆزینەوەى دەرفەتى کار بۆ کۆمپانیاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و سوودوهرگرتن لە ئهزموونی ئهم وڵاته بۆ زیاتر پێشكهوتنی ههولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.