Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:12

سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای پەسەندکردنی ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی 05ـی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەند کرا و سەرۆک وجێگری سەرۆک وەزیران سەرپشک کران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

دواتر گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە دابینکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵەکردنی وەک خەرجییەکی سیادی، کاری لە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچی خەرجییە گشتیەکانی دیکەشە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوەکە دوای گفتوگۆ، بڕیاردرا بە یەکخستنی ئەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا وکۆتایی هێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی.

هەروەها بڕیار درا، هەرچی زوو بەیەکەوەبەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانیی خەرجیی بە مەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگیی لە نێوان داهات وخەرجییەکان.

لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، باس لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کرا کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم لە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی نەوتیی 04ـی 04ـی 2023 و بڕگەکانی هاتوو لە پڕۆژەیاسای بودجە کرایەوە، سوپاسی هەموو ئەوانەش کران کە ڕۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی کە لە پڕۆژەیاسای بودجە کرا بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی کە کۆتوبەندبوون لەسەر ناردنی بەشەبودجەی شایستەی هەرێم و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرا کە یەکدەنگ داکۆکیان لە ماف وشایستە دەستووریەکانی هەرێم کردووە و هەموو هەوڵەکان یەک بخرێن لەپێناوی دابینکردنی مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدراڵ.

لە کۆبوونەوەکە، داواش کرا حکوومەتی فیدراڵیی و لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری کابینەی وەزاری، بەپێی دەستوور پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و زامنکردنی شایستە ومافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.