Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:42

ڕاگەیەنراوێک لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕای گشتی

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەو پێیەی كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوون، هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت و هەموو نووسراوێک لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە.

د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند: بەرمەبنای دانیشتنی ئاسایی ژمارە (4)ـی ڕۆژی دووشەممە 22ـی 05ـی 2023 كە سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕگەی یەكەم لە ماددەی (19)ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە "پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا" سەرۆكایەتیی دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوەی كرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەكان دانیشتنەكەی بەڕێوە برد.

ڕاشیگەیاند: بەوپێیەی كە دانیشتن دەستی پێ كردبوو، نیسابی یاسایی دەستەبەر بوو، بەرنامەی كار تەواو یاسایی و پەیڕەویی بوو، بۆیە لەو كاتەدا دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان نییە كە بە لێكدانەوەی نایاسایی و ناپەیڕەوی پشت بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (18)ـی پەیڕەو ببەستێت و دانیشتنەكە دوا بخات، بەڵكوو لەمبارەدا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوو.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەخت لەسەر یاسایی بوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە داوە و ڕایدەگەیەنێت:-

یەكەم: هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت.

دووەم: لەبەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان هۆڵی دانیشتن و باڵەخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی (1)ـی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت و پێویستی بەهیچ تەفویزێك نییە. بۆیە هەموو نووسراوێك كە بە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دەرەنجامەكانی دانیشتنی ژمارە (4)ـی ڕێكەوت 22-5-2023 بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.