Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:43

وه‌زیری په‌روه‌رده مژده‌‌ی ڕاگه‌یاند: چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ قوتابییان له‌ قوتابخانه‌كان به‌ جۆرێكی تر وانه‌ ده‌خوێنن

کوردستان TV
100%

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌م مژده‌یه‌كی خۆشی ڕاگه‌یاند و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژی راهێنانی مامۆستایان، چەند ساڵێکی نزیکی دیکە هەست دەکەن منداڵان لە قوتابخانە حکوومییەکان بە جۆرێکی جیاوازتر وانە دەخوێنن.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده ڕایگه‌یاند: جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایان، دەبێتە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە ڕووی بەرزکردنەوەی کوالێتی فێربوونه‌وه‌ ستراتیژێکی نوێیە، گشتگیرە، پچڕپچڕ نییە، درێژخایەنی حەوت ساڵییە، بە پلان دانراوە، راوێژی لەسەر کراوە و دادپەروەرانەیە بۆ هەموو مامۆستایانە.

سه‌باره‌ت به‌ ستراتیژه‌كه‌ كه‌ بۆ ساڵی (2023-2030)یه‌، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: تەنیا هەر ڕاهێنان نییە و کۆتایی بێت، بەڵکو بە دواداچوونیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو میتۆدە نوێیانەی وانە وتنەوە، هه‌روه‌ها هەڵسەنگاندنی مامۆستایانیشە لەسەر جێبەجێکردنی میتۆدە نوێیەکان. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بە جێبەجێکردنی پڕۆژه‌كه‌ لە ساڵی خوێندنی داهاتووەوه‌ و تا چەند ساڵێکی دیکە (ئەندازەی کاریگەریی دیداکتیک لەسەر کارامەیی قوتابییان و خوێندکاران) گۆڕانێکی جۆری تێدا دروست دەبێت.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید گوتیشی: ئەو میتۆدە کلاسیکییەی ئێستای وانەوتنەوەی کە بەمنداڵەکانمان دەوتریتەوە، دەگۆردرێت بۆ ئەو میتۆدانەی کە کار لەسەر فێربوون و فێربوونی بەرجەستە و بنەماکانی تیۆری مەعریفی دەکەن، کە دەبنە هۆی گەشەسەندنی جۆری سیستمی پەروەردە، دڵنیام چەند ساڵێکی نزیکی دیکە هەست دەکەین منداڵەکانمان لە قوتابخانە حکوومییەکان بە جۆرێکی جیاوازتر وانە دەخوێنن، ئاست و کارامەیی و تواناکانی مامۆستایان لە ئێستا زۆر جیاوازتر دەبێت، بۆ ئه‌مه‌ش کەمێک کاتمان دەوێ بۆ ئەم وەرچەرخانە گەورەیە.

گوتیشی: مامۆستای ڕاهێنەر زیاتر لە 40 کاتژمێر ڕاهێنانی تەنها لە یەک بوار وەرگرتووە و زیاتر لە 40 کاتژمێری دیکەش ئەرکی رۆژانەیان بەجێهێناوە و لە بوارەکانی دیکەی ناو ستراتیژی ڕاهێنان بۆ هەر بوارێک ڕاهێنانی تایبەت وەردەگرن، دەچنە ناو قوتابخانەکان و هەفتەی یەک بەشە وانە ڕاهێنان بە مامۆستایان دەکەن و بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو مامۆستایەک لە ساڵێکدا نزیکەی 30 کاتژمێر ڕاهێنان وەردەگرێت.

وه‌زیری په‌روه‌رده ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ مامۆستای ڕاهێنەر و مامۆستایان ڕێبەرایەتی ئەو وەرچەرخانە مەزنە دەکەن لە کەرتی خوێندنی حکوومیدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.