Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:30

بەنداوی گۆمەسپان وەک سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان تەواو دەكرێت

کوردستان TV
100%


دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری پارێزگای هەولێر، 50٪ـی جێبەجێ کراوە و بە تەواوبوونیشی، دەبێتە گەورەترین بەنداو لە سنووری پارێزگاكە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوی دوكان و دەربەندیخان سێیەم گەورەترین بەنداو دەبێت.
عەبدوڵڵا حەمەد گەردی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "تێچووی دروستکردنی ئەو بەنداوە 95 ملیار دینارە، بەرزییەکەی 70مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە، ئێستا 50٪ـی کارەکانی تەواو بووە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە".
ئەو بەنداوە دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆ بکاتەوە، یەکەمجاریشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداودا بەکار دەهێرێت.
عەبدوڵڵا حەمەد گەردی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "بەنداوی گۆمەسپان بە تەواوبوونی، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی کوردستان و ڕووبەرەکەی 6 ملیۆن 125 هەزار مەتر دووجا دەبێت".
شەو و ڕۆژ کار بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە دەکرێت و بە تەواوبوونیشی ڕۆڵی لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەبێت؛ هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.