Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:50

حکومەتی هەرێم ڕێگەى جۆراوجۆر بۆ بەرەنگاریی نەخۆشی تاى خوێنبەربوون دەگرێتە بەر

کوردستان TV
100%


 لیژنەی باڵای تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون کۆبوونەوەی خۆی بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکارە گرنگەکانی خۆپارێزی کرد.

لەم کۆبونەوەیەدا دوابەدوای تاووتوێکردنی دۆخی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ دران، لەوانەش:

1- بڕیار درا لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەم پەتایە بە ڕشاندنی قەسابخانەکان و ڕشاندنی لەوەڕگاکانی ئاژەڵەدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مێرووەکان و گەنە تەرخان بکرێت.

2- بڕیار درا لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە هەوڵ بدرێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان نەدرێت، هاووڵاتییان هۆشیار بن لە بەکارنەهێنانی ئاژەڵی سەربڕاو لە دەرەوەی قەسابخانەکان و بەکارنەهێنانی گۆشتی بێ مۆر.

3- بڕیار درا هاتوچۆی ئاژەڵ بە شێوەیەک سنووردار بکرێ کە لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری بێت.

4- بڕیار درا لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون دروست بکرێ، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری و ئەندامیەتیی هەریەک لە نوێنەرایەتیی تەندروستی و یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

5- بڕیار درا کە لە ڕێگەی سۆشیالمیدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە سەرنج بخرێتە سەر کەمپینی هۆشیاریی هاووڵاتیان بۆ چۆنیەتیی بەکارنەهێنانی گۆشتی سوور لەسەر شەقامەکان، هەروەها بەکارهێنانی دەستکێش لەلایەن خانمانەوە لە کاتی بەکارهێنانی گۆشت و پاککردن و چاککردنی گۆشت بۆ چێشتلێنان لە ماڵەکانیان.

سەرجەم ئەم بڕیارانە پێکەوە لە کۆنووسێکی هاوبەشدا ئامادە دەکرێ و ڕێکاری پێویستی بۆ دەگیرێتە بەر و دواتر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە بە مەبەستی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لەپێناو هەڵمەتێکی نیشتیمانیی سەرتاسەری بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

 


دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.