Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:47

هاورده‌كردنی هه‌موو جۆرێكی ماتۆڕسكیل بۆ عێراق قه‌ده‌غه‌ كرا

کوردستان TV
100%

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێكی گرینگ له‌سه‌ر هاورده‌كردنی ماتۆڕسكیل و هاتوچۆكردنیان له‌سه‌ر شه‌قام و كوچه‌ و كۆڵانه‌كان ده‌ركران، یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی هه‌موو جۆرێكی ماتۆڕسكیل بوو بۆ ناوخۆی عێراق.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڵاوی كرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بڕیارێكی گرینگی له‌سه‌ر دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ماتۆرسكیل به‌تایبه‌تیش له‌ جۆره‌كانی توك توك، ستووته‌ و ماتۆڕسكیلی ئاسایی له‌ شاری به‌غدا و پارێزگاكانی تر ده‌ركران.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ دران:-

1- هاورده‌كردنی ماتۆڕسكیلی جۆری (توك توك و ستووته)‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌، ئه‌گه‌ر مه‌رجی سه‌لامه‌تی و تایبه‌تمه‌ندی ستانداردی نه‌بێت.

2- به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ی مه‌كینه‌كانیان له‌ (40) سیسی كه‌متره‌.

3- هاورده‌كردنی هه‌موو جۆرێكی ماتۆڕسكیل ئه‌وانه‌ی مه‌كینه‌كانیان (40) سیسی یاخود گه‌وره‌تره قه‌ده‌غه‌یه‌‌، ئه‌م بڕیاره‌ش ته‌نیا بۆ فه‌رمانگه‌‌ ئه‌منی و هاتوچۆكان ناگرێته‌وه‌.

4- راگرتنی هه‌موو مۆڵه‌تێك بۆ دروستكردن و به‌ستانی ماتۆڕسكیل له‌ ناوخۆی عێراق جا له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت بێت یان گشتی یاخود هه‌ردووكیان.

5- ماوه‌ی 3 مانگ دیاری كرا بۆ تۆماركردن و پێدانی تابلۆ به‌ هه‌موو ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ی له‌ ناوخۆی عێراق هه‌ن، دوای ئه‌و واده‌یه‌ش هه‌ر ماتۆركسیلێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت له‌ناو ده‌برێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ دران كه‌ ماتۆرسكیلان ده‌توانن هاتوچۆی تێدا بكه‌ن كه‌ به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ن.

- به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاتوچۆكردنی ماتۆرسكیل له‌ شه‌قامه‌ خێرا و گشتییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌.

- دوای تۆماركردن و وه‌رگرتنی تابلۆ، شوفێرانی ماتۆڕسكیل ده‌توانن ئه‌م شوێنانه‌ به‌كاربهێنن (شوێنه‌ كشتوكاڵییه‌كان، ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ داخراوه‌كان، سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌ ته‌سك و كووچه‌ و كۆڵانه‌كان)

- بۆ هاورده‌كردنی هه‌ر ماتۆرسكیلێكی ڕێگه‌پێدراو، ده‌بێت 5 ماتۆڕسكیلی دوو تایه‌ یاخود 3 ماتۆرسكیلی 3 تایه‌ له‌ناو ببرێت، هه‌روه‌ها به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش قه‌رزی بانكی نادرێت بۆ كڕینی ماتۆرسكیل.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاردرا ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ ڕێكه‌وتی 1ی ته‌مووزی داهاتوو بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.