سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە میانی کۆبوونەوەی لەگە: نوێنەرانی زیاتر لە 80 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانییەکان جەختی کردەوە کە هەموو ئاسانکارییەک بۆ پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 05ـی 2023 د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە دووەم ڕۆژی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەی لە هەولێر بەسەرکردەوە، لەسەر داوای سەرپەرشتیارانی پێشانگەکە و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بەشداربوو سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ زیاتر لە 80 خاوەن کۆمپانیا ناوخۆیی، عێراقی، ئەوروپی و ئەمریکییەکان کۆبووەوە.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە د،. محەمەد تیشکی خستەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کە هاندەرن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانیی تاوەکو پڕۆژەکانیان بهێننە هەرێمی کوردستان و کاری وەبەرهێنان بکەن.
ڕاشیگەیاند: بەشێکی بەرچاوی کۆمپانیا بیانییەکان کە لەبواری بیناسازی کار دەکەن ئامادەیی خۆیان نیشان دا کە لە هەرێمی کوردستاندا کار بکەن و لە قۆناغی سەرەتاییشدا ئۆفیسی تایبەت بە خۆیان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە د. محەمەد شوکری ئامادەیی خۆی و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بیانی نیشان دا کە بیانەوێ لە هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن و کار بکەن.
لە سێزدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە 214 کۆمپانیا و زیاتر لە 400 بڕاندی جیهانیی لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، کە 80%ـی کۆمپانیاکان بیانین و 20% کۆمپانیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.