Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 21:12

دوایین بارانبارینی ئەمساڵ زیانی بە بەشێك لە كێڵگەكانی گەنم داوە

کوردستان TV
100%

لەئەنجامی بارانباریندا لە وەرزی داچاندنی بەروبوومی گەنمدا، لەمساڵدا بەرهەمی گەنم زیادی كردووە، بەڵام هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە كە دوایین باران، زیانی داوە بە بەشێك لە كێڵگەكانی گەنم و داكەوتوون.
لەوبارەیەوە پشتیوان حەمەعەلی، لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی گوتی:لەبارەی زەرەروزیانی ئەو بارانەی لە چەندڕۆژی پێشوودا باری، بەداخەوە ئەو گەنمانەی باڵایان زۆر بەرزە و بەهێزن و گوڵ و دانیان پڕ كردووە كەوتوون و زیانیان پێ گەیشتووە. زۆربەی كێڵگەكانی گەنمی ئەمساڵمان بەو شێوەیەن كە گەنمەكان باڵایان زۆر بەرزە و بەهێزن، لەبەرئەوەی بارانبارین و كەشوهەوا لەبار بووە بۆ ئەوەی گەنمەكانمان بەهێز و پڕدان بن، هەروەها جووتیارانیش لەبەر خەمی بەرهەمەكانیان و بوونی بازاڕێكی باش بۆ ساغبوونەوەی گەنمەكانیان و باشی نرخی گەنم لە سایلۆكاندا، لەژێر رێنمایی ئێمە وەكوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی خزمەتێكی زۆر باشی كێڵگەكانیان كردووە و سەمادێكی زۆریان داوە بە گەنمەكان بەو ئامانجەی كە بەرهەمێكی باشیان هەبێت. 
لەلایەكی دیكەیشەوە، هەندێك لە جووتیاران كەمێك پڕتر گەنمەكانیان چاندووە و رێژەی زیاتریان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی رووەكیان هەبێت كە لە رووە زانستییەكەیشەوە دروستە، هەموو ئەمانە وایان كرد رووەكەكانمان باڵایان بەرز بێت و لە كاتی بوونی كەشوهەوایەكی ناسەقامگیر و نالەبار و بارانێكی زۆر بەهێز بەباوە بەشێك لە گەنمەكان بكەون و زیانیان پێبگات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم بارانەی ئەم چەندڕۆژەی دوایی سوودی بەو كێڵگەیانە گەیاندووە كە درەنگ گەنمیان تیادا كراوە یان هێشتا لە قۆناغی سەوزیدان، یان گەنمەكان هێشتا لە قۆناغی شیری و پڕكردنی داندان و دەڵێت :بوونی باران و رێژەیەكی باشی شێ بۆ پڕكردنی دانی ئەم كێڵگە گەنمانە سوودبەخشە، بەڵام لەو رووەوەی كە بارانەكە بەهێز بووە و بە باوە باریوە بۆ ئەو كێڵگانەی گەنم كە باڵایان بەرزە و پڕدانن زیانی هەبووە و گەنمەكانی خستوون كە ئەمەیش بۆ كاتی دروێنەكردن دەڕاسەكان بە زەحمەت دەتوانن هەڵیانبگرنەوە و زیان بە جووتیارەكە دەگەیەنێت.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.