فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە كە بڕیارە شاندێكی هەرێمی كوردستان كە لە پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆكان پێك دێن، بە سەردانێكی فەرمی بچنە وڵاتی ئێران و سێ ڕۆژ بمێننەوە. لە كۆبوونەوەكانیشدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری بازرگانی بەشداری دەكات.
لەوبارەیەوە سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: شاندەكە كۆتاییی ئەم مانگە (ئایار) دەچنە وڵاتی ئێران و لەوێش سەردانی شاری ورمێ دەكەن، بڕیاریشە سێ ڕۆژ لەو شارە بمێننەوە و چەندین كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە بكەن.
ژمارەیەك شاندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، یاوەریی شاندەكەی هەرێمی كوردستان دەكەن و لە كۆبوونەوەكاندا پارێزگارانی ورمێ، كرماشان و سنە بەشداری دەكەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی گوت: سەردانەكە بۆ پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێرانە لە بواری كولتووری و ئابووری.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەگەڵ وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەكانی پتەوتر بكات و هەماهەنگیی زیاتری كارگێڕی و ئابووری لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی وڵاتانی دراوسێدا بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.