Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:26

جەخت لە بە دۆکیومێنت کردنی تاوانەکانى داعش كرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ دووشه‌م کریسچن ڕیتشەر ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی (UNITAD) لە هەولێر سەردانى نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کرد و لەلایەن د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر ئەو بوارانەی کە هەردوو لەسەری هەماهەنگن و لە وتەیەکدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند ''پڕۆژەى ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنى ئەو بەڵگانەی پەیوەستن بە تاوانەکانى داعش کە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێمی کوردستان پارێزراون پێشکەوتنێکى باشى بەدەستهێناوە و لە هەمانکاتدا چاوپێکەوتن لەگەڵ گیراوانى داعش لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی پڕۆتۆکۆڵى لێکۆڵینەوەى (UNITAD) و بنەما نێودەوڵەتییەکان ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت و بەمەبەستی دامەزراندنی فەرمانگەى پاراستنى شایەتحاڵەکان، ڕەشنووسى پڕۆژە یاسایەک لە هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە".

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دامەزراندنى پسپۆڕانى نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزاییان لەگەڵ تیمەکانى (UNITAD)، هەروەها بەشداریپێکردنى نوێنەرانى حکوومەتى هەرێم لە لیژنەى هەماهەنگیکارى نیشتمانى لە کۆبوونەوە و بۆنە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە ناساندنی تاوانەکانى داعش، لەوانەش ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیاروایە لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ لە نیویۆڕک بەڕێوە بچێت سەبارەت بە بەکارهێنانى چەکى کیمیایی لەلایەن داعشەوە.

لەلایەن خۆیەوە ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمى لێکۆڵینەوە ستایشى نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پیشکەشکردنى ئاسانکاری و پاڵپشتی بۆ چالاکییەکانی تیمەکانی (UNITAD) لە هەرێم و کوردستان و ڕایگەیاند كه‌ گەشبینن بەوەى کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ تاوانبارانی داعش بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

کریسچن ڕیتشەر ئەوەشی خستەڕوو کە دادوەرەکانی هەرێمی کوردستان سوودیان لەو خولانە وەرگرتووە کە پێشتر لە ڕێگای (UNITAD)ەوە بەشدارییان تێیدا کردووە و توانای دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعشیان هەیە.

هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکار بووە لە پێدانی زانیاری بە مەبەستی پشتگیریکردن لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر تاوانبارانی داعش لە وڵاتی سێیەم.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.