Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 20:49

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی بڵاو كرده‌وه‌.. ئه‌مڕۆ دادگایی كرا

کوردستان TV
100%

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ شاری تارانی پایته‌ختی ئێران، دادگه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌ڕێوه‌چوو كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار هه‌واڵی ڕووداو و گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی بڵاو كردبووه‌وه‌.

رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ناوی ئالیهه‌ محه‌مه‌دییه‌ و ته‌مه‌نی 36 ساله‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌م بۆ یه‌كه‌مجار چووه‌ به‌رده‌م دادوه‌ری‌ دادگه‌ی ته‌هران و ته‌واوی زانیارییه‌كانی رووداوی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی خسته‌ڕوو‌.

شه‌هاب میرلووحی كه‌ پارێزه‌ری رۆژنامه‌نووسه‌كه‌یه‌، دوای به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاكه‌، بۆ رۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ پڕۆسه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ‌ به‌باشی به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی دووه‌می دادگه‌‌، پارێزه‌ره‌كه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستا واده‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌ و دواتر له‌لایه‌ن دادگاوه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێ.

ئالیهه‌ محه‌مه‌دی‌ په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (هم مهین)ی ئێرانی بوو و له‌ مانگی ئه‌یلوولی پارساڵ بۆ یه‌كه‌مجار هه‌واڵی ئازاردانی ژینا ئه‌مینی له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌ندامێكی پۆلیسی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی تاران بڵاو كرده‌وه‌.

ئالیهه ئه‌و كات له‌ راپۆرتێكدا ته‌واوی زانیارییه‌كانی ڕووداوه‌كه‌ بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ ژینا ئه‌مینی دوای ده‌ستگیركردن و بێهۆشبوونی، گواسترابووه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و دواجار هه‌ر به‌هۆی ئازاردانه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ست دا.

ژینا ئەمینی کچێكی کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو و تەمەنی ته‌نیا 22 ساڵ ‌بوو، پارساڵ له‌ نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێرانه‌وه‌ بەتۆمەتی پابەندنەبوونی تەواوەتی بەباڵاپۆشی درایە بەر لێدان و دوای دەستگیركردنی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و گیانی لەدەست دا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.