Erbil 38°C چوارشەممە 01 کانوونی دووەم 04:41

بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم: سیستەمی بەڕێوەبردنی خاڵە سنووریەکانی هەرێم زۆر لە عێراق پێشکەوتووتر و شەفافترە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، لە کابینەی نۆیەم چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد كه‌ دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی باشتر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕێوە دەبرێن.

ئەمڕۆ دووشەم چالاکی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی (کێشەی دەروازە سنوورییەکان لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا بە هاوکاری دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

لەمیانی چالاکییەکەدا، ساماڵ عەبدوڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وای کرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، هه‌روه‌ها بەخێرانی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە.

گوتیشی: سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیش و کارەکانیان بەڕێ دەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە کاری دەستی ئیش و کارەکانیان دەکەن.

ساماڵ عەبدورەحمان باسی له‌وه‌ش كرد: داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەموو دەروازەکانی عێراق زیاترە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەروازەکانمان چەندینجار باشتر لە دەروازەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.

لەبارەی بوونی گەندەڵیش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: بەرپرسانی حکوومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها 10%ی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باسدەکرێن، 85%ی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ساماڵ عەبدوڕەحمان ئەنجامدانی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە کارێکی قورس ناوبرد و گوتی: دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت، بەرپەچدانەوەی گەندەڵیش پێویستی بە بڕیاری قورس و بەرنامەیەکی پتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لەبارەی بوونی دەروازەی نافەرمی لە هەرێم، رایگەیاند: زۆرجار لە راگەیاندنەکان و لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەگوترێت هەرێمی کوردستان، دەروازەی نافەرمی هەیە، ئێمە دەروازەی نافەرمیمان نییە، شەش دەروازەی فەرمی بازرگانیمان هەبوو و بە کردنەوەی دەروازەی زێت، بوون بە حەوت دەروازە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.

له‌ كۆتاییدا روونی کردەوە: دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە تا وەکو ساڵی 2003 شادەماری یەکەمی داهاتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەو داهاتەی لە دەروازە و گومرگەکان پەیداکراوە، دەتوانم بڵێم، مووچەی پێ دابەش دەکرا و کاری دیکەشی پێ دەکرا، به‌ڵام دوای ساڵی 2003 ئەو دەروازانە توانیویانە خۆیان لە پلەی دووەم بهێڵنەوە و داهاتی دووەمی شادەماری هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.