Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 09:28

چاودێرانی بواری ئابووری ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكەن

کوردستان TV
100%

بانكی ناوەندیی عێراق زنجیرەیەك رێوشوێنی دیكەی بە ئامانجی جێگیركردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریكی گرتووەتەبەر، بەڵام ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار روو لە بەرزبوونەوە.
رۆژی 21ی ئەم مانگە بانكی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، رێوشوێنە نوێیەكان بە ئامانجی جێگیركردنی نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار خستەڕوو.
رێوشوێنەكانی ئەمجارەی بانكی ناوەندیی عێراق پەیوەستدارن بە بەكارھێنان و راكێشانی پارە لە كارتە بانكییەكان كە تیایدا جەخت كراوەتەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە ئەو دامەزراوانەی كە بە سیستەمی كریدیت كارد كار دەكەن، زۆرترین بڕی مایە لەنێو ھەژمارەكەیاندا ھەبێت كە نابێت لە 10 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت.
بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە كە نابێت ھیچ كارتێكی بانكیی لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت و خستنە سەری پارەیش بۆ هەر ھەژمارێكی كارتی بانكیی، مانگانە نابێت لە 10 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت.
بانكی ناوەندیی عێراق راشیگەیاندووە كە لە ئامێرەكانی "ATM"دا، نابێت رۆژانە زیاتر لە 300 دۆلار رابكێشرێت، ھەروەھا مانگانەیش نابێت زیاتر لە سێ ھەزار دۆلار رابكێشرێت.
لەچوارچێوەی رێوشوێنە نوێیەكانی بانكی ناوەندیی عێراقدا، رێگا بە كۆمپانیاكانی ئاڵووێڕی دراو لە جۆری "A و B" دەدرێت كارتی بانكیی دەربكەن.
ھەر لەوبارەیەوە عەممار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، رایگەیاندووە كە گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ بەكار‌ھێنانی كریدیت كارد، ئامانجی لێی رێگەگرتنە لە خراپ بەكارھێنانی كریدیت كارد و ھەر كەسیك یان ھەر كۆمپانیایەك پێشێلكاری تیایدا كردبێت، ئەوا رێككاری یاسایی بەرامبەری گیراوەتە بەر.
عەممار خەڵەف لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە راگەیاندووە، حكوومەتی ئێستا گرنگی زۆری بە پرسی پارەدانی ئەلیكترۆنی داوە، ھەروەھا چەندین رێنمایی گرنگی پەیوەست بە پرسی خراپ بەكارھێنانی كریدیت كارد دەركردووە.
جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە كە تا ئێستا، چەندین ھەوڵی بەقاچاغبردنی ژمارەیەك كارتی بانكیی دروستكراوی كۆمپانیاكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی سەربە بانكی ناوەندیی پووچەڵكراونەتەوە و رێككاری یاسایی بەرامبەر ئەو بانك و كۆمپانیانەی كە ئەو كارەیان كردووە، گیراوەتە بەر.
عەممار خەڵەف ئەوەیشی خستەڕوو كە یەكێك لە بڕیارە گرنگەكانی بانكی ناوەندیی پەیوەست بەو كارتانە ئەوەیە كە دەبێت كارتەكە بە ناوی ھەڵگرەكەیەوە بێت و ناوی ئەو كەسەیش لە كۆمپانیاكە تۆمار كرابێت.
هەروەها حكوومەتی عێراق لەچوارچێوەی ھەوڵەكانی بۆ جێگیركردنی نرخی دینار، ھەوڵدەدات مامەڵەكردن بە دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا قەدەغە بكات.
رۆژی 20ی ئەم مانگە خالید مەحننا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدابوو كە ئاراستەیەكی حكوومەت ھەیە بۆ ئەوەی ھەموو دراوە بیانییەكان لە مامەڵەكردن لە بازاڕەكانی عێراقدا، دووربخرێنەوە كە ئەم بنەمایە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان كاری لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی لەو كاتەوەی كە ھیچ پاساوێك نییە بۆ مامەڵەكردن بە دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا لەلایەن خاوەن فرۆشگاكان و رایگەیاند: تەنھا ئەو بازرگانانەی كە كەلوپەل ھاوردە دەكەن پێویستییان بە دۆلار ھەیە، بەڵام مامەڵەی كڕین و فرۆشتن لە بازاڕەكانی عێراقدا، پێویستی بە دۆلار نییە.
خالید مەحننا باسی لەوەیش كردبوو كە لە رۆژانی رابردوودا، ئەو دەركەوت كە مامەڵكردن بە دراوی بیانیی لە بازاڕەكانی عێراقدا، كاریگەریی خراپی ھەیە، چونكە بەھۆیەوە ناجێگریی لە بازاڕەكاندا روودەدات دەبێتە مایەی زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، جەختی كردبووەوە لەسەر ئەوەی كە ھەر كەسێك بەپێچەوانەی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق مامەڵە بە دراوی بیانیی بكات، رێوشوێنی توندی یاسایی لەبەرامبەری دەگرنەبەر.
شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووریی، ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار بۆ دوو ھۆكار دەگەڕێننەوە، یەكەمیان كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە و دووەمیان بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە.
عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەدەست ناجێگیربوونی نرخی دراوی بیانی دەناڵێت، بەڵام لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، نرخی دراوی بیانی لە عێراق زیاتر رووی لە ناجێگیربوون كردووە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.