جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند كه ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بە مزایه‌دە بێت و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانگوت پاشکەوتی مووچەیان گەڕاندۆته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی كرده‌ییان ده‌وێت با پشتگیری ئه‌م نووسراوه بكه‌ن.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند: فەرموون ئەوە نووسراوی ئێمەیە کە پێش دوو رۆژ رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقمان کردووە بۆ ئەوەی بڕی یەک ترلیون و دوو سەد ملیار دینار بگوازرێتەوە لەو بڕەی کە بریتییە لە 6 ترلیۆن دینار و بڕیاری لەسەر دراوە بۆ موناقەلە بەکاربێت.
ڕاشیگه‌یاند: ئیستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بەمزایدە بیت و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانگوت پاشکەوتی مووچەمان گەڕاندەوە و هه‌روه‌ها سوپاسی پەرلەمانتارانی غیرە کوردیشیان دەکرد گوایە رەزامەندییان داوە بە گەڕانەوەی بری 10٪ی پاشکەوتی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەریم.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا گوتیشی: کاتی ئەوەیە دۆستەکانتان کە دوێنێ هاوهەڵوێستیان دەردەبڕی تاقییان بکەنەوە بۆ پشتگیری‌کردن لەم نووسراوەی ئێمە و پێیان ئیمزا بکەن و دەنگی لەسەر بدەن، چونکە پاشکەوت بە تەنیا نووسین لەسەر کاغەز ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەوە دەکرێت كه پارەی بۆ دابین بکرێت و بخرێتە سەر حسابی هەرێم.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌روه‌ها گوتی: ئەگەر پارە دابین نەکرێت حکوومەتی هەرێم نەک هەر ناتوانێت پاشەکەوت بگەڕێنێتەوە، بەڵکو بەپێی ئەو بودجەی بۆی دانراوە بۆ مووچە تەنیا دەتوانێت مووچەی 10 مانگ دابین بکات و دەبێت بگەڕێت بەدوای ئەوەی مووچەی ئەو دوو مانگە چۆن دابین دەکات، چونکە تەنیا بڕی 9 ترلیۆن دینار دابینکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە کاتێکدا هەرێم پێویستی بە 10 ترلیۆن و نیو دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: فەرموون ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی و ئەو حزبانەی کە ئەندامیان لە لیژنه‌ی دارایی نییە و موزایەدەیان دەکرد بتوانن دۆستەکانتان کە رۆژانە سوپاستان دەکردن، قەناعەتیان پێ بکەن دەنگ لەسەر ئەم پێشنیارەی ئیمە بدەن ئەو کات منیش سوپاسیان دەکەم و بە خەمخۆری فەرمانبەرانی هەرێمیان دەزانم.
له كۆتاییدا شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئه‌ندامه‌كانی لیژنه‌ی دارایی جه‌ختیشی كرده‌وه كه با بزانم چیتان پێ دەکریت بۆ فەرمانبەران بۆ ئەوەی مووچەی پاشەکەوت کراویان بگەرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.