Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 20:02

بەغدا بڕیاری زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنى گەنمی جوتیارانى کوردستانی دا

کوردستان TV
100%

حکوومەتی فیدراڵی بڕیاری دا بە زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە 375 هەزار تەن بۆ 500 هەزار تەن.  

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی 05ـی 2023 شاندێکى وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە د. زێدا کەریم بەڕێوەبەرى گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێمى کوردستان و بەختیار حاجی بەڕێوەبەرى گشتی پەیوەندیەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و ڕزگار حەمەد خدر ڕاوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لێژنەى فەرمانى دیوانی ژمارە 57ـى ساڵى 2021 کۆبوونەوە، بەمەبەستى تاوتوێکردنى بڕى ئەو گەنمەى کە بڕیارە ئەمساڵ لە جوتیارانى کوردستان وەربگیرێت.

بەڕێوەبەرى گشتی پەیوەندیەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: بڕیار درا بڕى ئەو گەنمەى کە بڕیارە لە وەرزى کشتوکاڵى زستانەى 2022-2023 ڕادەستى وەزارەتى بازرگانى فیدراڵى بکرێت لە 375 هەزار تەن بۆ 500 هەزار تەن زیاد کرا.

ڕاشیگەیاند: شاندى ناوبراو لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیرى کشتوکاڵى فیدراڵى عەباس جەبر عەلیاوى بڕیارى قەدەغەى هەناردەکردنى بەروبوومە کشتوکاڵییەکانى هاوینەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوور تاوتوێ کرد و وەزیرى کشتوکاڵى فیدراڵی بڕیارەکەى هەڵوەشاندەوە.

بەختیار حاجی ئاماژەی بەوەش دا کە بە نووسراوێکی فەرمى داوای لە وەزیرى ناوبراو کرد قەدەغەی گواستنەوەی  بەرهەمە پەلەوەرییەکانی خۆماڵی هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوور هەڵبگیرێت و نووسراوەکە خرایە بەرنامەی کاری دەستەى ڕا لە وەزارەتەکە بۆ تاوتوێکردنى.

جێی باسە، ماوەى هەفتەیەکە بازگەکانى پارێزگاى کەرکووک ڕێگری دەکەن لە تێپەڕبوونى ئەو بارهەڵگرانەى کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەگوازنەوە بۆ پارێزگاکانى ترى عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.