Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 10:06

رۆژی جیهانی مناڵان

کوردستان TV
100%

رۆژی جیهانی منداڵان ئەو رۆژەیە كە لە سەرتاسەری جیهان بۆ منداڵان رێك دەخرێت كە دەكاتە  1/6 هەموو ساڵێك ،هەر لەم رۆژەدا سەرجەم رێكخرەوەكانی تایبەت بە مافەكانی منداڵان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك  پرۆژەی جوان تایبەت بە منداڵان .ئەوەی زیاتر وڵاتان لەم رۆژەدا مەبەستیانە بە ئەنجامی بەگەینن ئەوەیە بتوانن باشترین هەلی ژیان بۆ سەرجەم منداڵان هەیە دابینی بكەن و وە بە دوای سەرجەم كەم و كورییەكانی منداڵان دا دەگەرێن تاكو چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە ، وە هەر لەم رۆژەدا ئامانجێكی تر وڵاتان هەیە ئەویش ئەوەیە بانگی پێكەوە ژیانی برایانە بكەن لە رێگەی منداڵەوە بێ گوێدانە جیاوازی رەگەز و نەتەوە و ئاین.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی رۆژی جیهانی مناڵان بدەینەوە  بۆمان دەردەكەوێت كە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان ، لەساڵی ( 1954 ) دا ، لەبڕیاری ژمارە ( 836 ) لەبەندی ( 9 ـ د ) دا ، ئەوەی راسپارد ، دەبێ هەموو وڵاتانی جیهان ، رۆژێكی جیهانی بۆ منداڵان سازبكەن، لەم رۆژەدا ئاهەنگ بگێڕن  بەوەی كەرۆژێكە بۆ برایەتی و لەیەكگەیشتن لەنێوان منداڵاندا لەسەر ئاستی جیهاندا ،لەپێش و لەدوای ئەم بڕیارەشدا ، چەند بڕیار و پرۆتۆكۆلێكی نێودەوڵەتی تر دەربارەی مافەكانی منداڵان و چاودێری كردن و پاراستنیان دەركران.
رێكەوتننامەی مافەكانی منداڵیش كەلەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بەبڕیاری ژمارە(44 ) لە/ 25 ) لەبەرواری ( 20 ی/ نۆڤەمبەر/ ی 1989 ) دا دەرچوو.
جەختی لەسەر رۆژی جیهانی منداڵان كردووەو  رۆژی ( 20 ی/ نۆڤەمبەری) هەموو ساڵێكی بە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دیاری كردووە. چەسپاندنی ئەم رۆژەش بەشێك بوو لەهەوڵ و كارنامەی رێكخراوی یۆنیسیڤ .
بەڵام لەهەندێ لەوڵاتانی جیهان ( 1 ی/ یونیۆ )ی هەموو ساڵێكیان كردووە بەرۆژی جیهانی منداڵان ، بەتایبەتیش لەكۆمارەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو.
رۆژی جیهانی منداڵان ، ئەو رۆژەیە كەهەموو منداڵانی جیهان ئاهەنگی تێدا دەگێڕن، بەوەی كەرۆژی برایەتی و یەكترناسینەو یادی بڕیاردانە لە مافەكانیان.
 لەم بۆنەیەدا منداڵان جلوبەرگی جوان لەبەردەكەن و ، بەبۆیەی رەنگاوڕەنگیش دەموچاویان جوان دەنەخشێنن .
رۆژی جیهانی منداڵان ، بۆنەیەكی لەبارە بۆ دووبارە جەخت كردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی مافەكانی منداڵان ، گرنگترین ئەو مافانەش ، مافی ژیان و ، دابین كردنی خۆراك و جێی حەوانەوەو حەسانەوەو ، مافی خوێندن و ، چارەسەری پزیشكی و ، یاری كردن و ، پاراستن و ، رێزگرتن لەبیروڕا و بۆچوونەكانی و ، دابین كردنی پێداویستییەكانی و ، زەمینە رەخساندن بۆ گەشەكردنی بەهرەو ئارەزووەكانی .. جیاوازی نەكردنیش لەنێوانیاندا بەهۆی رەگەز و رەچەڵەك و رەنگی پێستەوە.. بەر لەهەموو شتێكیش بەخشینی خۆشەویستی و سۆز و دڵنیایی و ئاسوودەیی و تەبایی ، لەنێو خێزان و كومەڵگا و نیشتمانەكەیدا .. هەروەها ( رۆژی جیهانی منداڵان ) بۆنەیەكە بۆ وەبیرهێنانەوەی حكوومەتەكان و ، پابەندبوونیان ‌بە بەڵێنەكانیان دەربارەی جێبەجێكردنی مافەكانی منداڵ.
منداڵان لەهەر شوێنێكی جیهاندا بن ، بەبێ جیاوازی ، بەبێ ئەوەی داوای كەمترین ئەركیان لێ بكرێ ، مافیان هەیە.. ئەگەر مافەكانیان بۆ دابین بكرێن .. بەدڵنیاییەوە لەداهاتوودا ، گەل و نیشتمانەكانیان لەسایەیاندا دەحەسێنەوەو لەبەری رەنجیان دەخۆن .. دەبنە مایەی رێز و شانازی بۆیان .. هەمووشمان هیوادار و خوازیاری ئەم ئاكامە باشەین لەمنداڵەكانمان كە دەبنە نەوەی دهاتوومان ، دەبێ لەئەمڕۆدا كار بۆ ئەو ئاكام و داهاتووە ‌خوازراوە بكەین.
لەسەر ئاستی كوردستانیش ، ساڵانە  بەدابەش كردنی خەڵات و دیاری  بەسەر منداڵاندا لەگەڵ چەندین چالاكی بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێن.
 

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.