Erbil 38°C یەکشەممە 10 تشرینی دووەم 10:36

عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور ..خۆشخوان و خۆشئاوازێكی به‌سۆز له‌ناوچه‌ی تیله‌كۆ وه‌ بۆ ڕادیۆ ...!

( 1917 _ 1981)
کوردستان TV
100%

ڕۆژگارێك بوو له‌ڕێی شه‌پۆلی ڕادیۆی كرماشانه‌وه‌، ده‌نگ و هونه‌ریی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی وه‌ك شنه‌ی شه‌ماڵ سنووری ده‌ستكردیان ده‌به‌زاندو، خۆیان ده‌ئاخنییه‌ گوێ و ڕۆح و جه‌سته‌ی بیسه‌رانیان، به‌ میلۆدی و تێكستی ڕه‌سه‌ن و ده‌نگی پڕ چێژی هونه‌ریی ئارامی یان ده‌به‌خشیی، ئه‌و ئازیزانه‌ی كه‌ ئاشنان به‌ به‌رنامه‌و گۆرانییه‌كانی ڕادیۆی ناوبراو ، بێگومان له‌و سه‌رده‌مه‌دا ( هۆنراوه‌‌و چیرۆك و گۆرانی و مۆسیقا ) یان له‌لای گوێگر شیرینتر ده‌كرد، دوو گۆرانی ببوونه‌ سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگ له‌ په‌خشی ڕادیۆی كرماشان و پاشان بۆ ڕادیۆی كوردیی به‌غدا، گۆرانییه‌كان به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگ ناسك و خۆش ، تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌ شێوازی ده‌ربڕین و میلۆدییه‌ك هه‌ست و نه‌ستی گوێگری ده‌بزوواند، گۆرانی ( شیرین دامه‌چۆ و ئای له‌دوور له‌دوور) ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ زوڵاڵ و ده‌نگخۆش و خۆشئاوازه‌ی ناوچه‌ی تیله‌كۆی شاری سه‌قز، هونه‌رمه‌ند( عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور یان عه‌تاخانی باشماخ) ه‌.

‌ زۆر گه‌ڕام به‌دوای سه‌رچاوه‌یه‌كی دروست و وورد ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو،به‌ڵام داخه‌كه‌م چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌وته‌ر به‌رچاوم، دوای ڕوانینی ووردم له‌ ژیانی هونه‌رمه‌ند هه‌مووی یه‌ك سه‌رچاوه‌یه ‌و كۆپی كراوه‌،

بۆ گه‌ڕان و به‌دواداچوون ده‌رباره‌ی ژیانی هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی، پێویسته‌ دووربین له‌ئه‌گه‌ر و ئه‌ڵێن، ده‌بێت سه‌رچاوه‌كه‌ جێی متمانه‌ و باوه‌ڕ بێت چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌و دیكۆمێنت ده‌رباره‌ی ژیانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو.

وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌نی گه‌لێك ده‌نگخۆش و خۆشخوان وبه‌هره‌مه‌ندین، ئه‌و خۆشخوانانه‌ هونه‌ری ده‌نگخۆشییان كه‌په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیون، ته‌نها شوێنێك بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ و ده‌ربڕینی ئه‌و به‌هره‌ ئیلاهییه‌ ته‌نها
( خانه‌قا و ته‌كیه‌ و دیوه‌خانه‌كان) بووه‌ و له‌وێوه‌ ده‌نگی خۆشییان به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئاشناكردووه‌ و له‌لای خه‌ڵك ناسراوون، 

هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور، یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌نگخۆشه‌كانی گونده‌كه‌ی ( باشماخ) وناوچه‌كه‌ی

( تیله‌كۆ).

هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور، له‌ساڵی

( 1296ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر به‌ (1917) زاینی له‌ گوندی ( باشماخ) ی ناوچه‌ی تیله‌كۆی سه‌ربه‌شاری سه‌قز، له‌یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ئه‌و گونده‌ به‌دنیا هاتووه‌.  

له‌گوندی باشماخ  گه‌وره‌و په‌روه‌رده‌ بووه‌ ، تا له‌ته‌مه‌نی دیاریكراودا خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن و بڕوانامه‌ی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له‌گوند و زێده‌كه‌ی ( باشماخ)  به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عه‌تاخان به‌رده‌وام  سه‌ردانی حوجره‌ و لای فه‌قێ كانی مزگه‌وتی گونده‌كه‌ی كردووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ خۆی پێبگه‌یه‌نێ ، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی زاده‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دانی ناوچه‌كه‌ بوون و خاوه‌نی دیوه‌خان و ده‌ست و دڵ ئاوه‌ڵابوون له‌به‌رامبه‌ر میوان و ڕێبواران ، له‌و تێكه‌ڵاو بوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ، گه‌لێك سوودی وه‌رگرتووه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی فراوان بووه‌و خه‌ڵكی دیكه‌ی ناسیوه‌و به‌ كه‌سایه‌تیان ئاشنابووه‌ ، هه‌ست و بیری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ سنووری جوگرافیای گونده‌كه‌یان ده‌به‌زێنێ و ڕوو ده‌كاته‌ شاره‌كانی ده‌وروبه‌ر،

هونه‌رمه‌ند عه‌تاخان كاریگه‌ریی ژینگه‌و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌كه‌ی له‌سه‌ربووه‌،  له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ هه‌ستی به‌  هونه‌رێك كردووه‌ له‌ناخیدا ئه‌ویش هونه‌ریی گۆرانیگوتن بووه.

له‌هه‌نگاونانی خۆشخوانێك به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر خۆڕسك بێت بۆ نێو گوڵزاری ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌، بێگومان كه‌سێكی ڕۆشنفكر، هونه‌ردۆست یان هونه‌رمه‌ند له‌پشتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و خۆشئاوازه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌، له‌ تێكه‌ڵاوبوون به‌دنیای گۆرانی گوتن و هه‌ڵسه‌نگاندن و پتشیوانیكردن له‌ هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور، كه‌سێكی دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی

( شكروڵڵاخانی بابان 1923_ 16/11/2012) بوونی هه‌یه‌،

شوكروڵڵاخانی بابان( بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە ڕادیۆ تاران دەستی بە بێژەری کردووە، لە ساڵی ١٩٥٩ تا ١٩٦٣ لەگەڵ کۆمەڵێك نووسەری تردا ڕۆژنامەی کوردستان یان لە تاران بڵاو کردۆتەوە،بە کردنەوەی ڕادیۆی کوردی کرماشان ڕادیۆی تاران داخرا و هەموو بێژەر و کارمەندەکانی گوارزانەوە بۆ ڕادیۆی کوردی کرماشان ،شوکروڵای بابانیش یەك لەو کەسانە بوو هاتە ڕادیۆی کرماشان، دوای ئەوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن تێکەڵ کران شوکروڵای بابان بۆ ماوەیەک بەڕێوەبەری ڕادیۆی کوردی هەرسێ پارێزگای سنە، کرماشان و ورمێ بووە) ( 1) .

به‌هۆی ئه‌و كار و پێگه‌یه‌ی شوكروڵڵای بابان ، هونه‌رمه‌ند عه‌تاخان به‌ ڕادیۆ ده‌ناسێنێ و ده‌نگ و هونه‌ریی پڕ سۆزیی عه‌تاخانی باشماخ ، له‌كۆڕو دیوه‌خانه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ستۆدیۆی ڕادیۆی شاری سنه‌و تاران و كرماشان، له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیانه‌وه‌ ده‌نگ و هونه‌ریی عه‌تاخانی باشماخ به‌ ته‌واوی كوردستاندا بڵاو ده‌بێته‌وه كاریگه‌ر له‌سه‌ر گوێگرانی مۆسیقا و گۆرانی داده‌نێت‌.

(ساڵی (1337 ی هه‌تاوی) ( 1958ی زاینی)  ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دەستی بەکاروچالاکی هونەری کردووه‌ بەیارمەتی گرووپی مۆسیقای ڕادیۆ تاران کە لەبەڕێزانی وەک مەرحووم موجتەبامیرزادە وهاوڕێیانی پێک هاتبوو توانی سەرجەم (16) گۆرانی ڕەسەن وفولکلۆر تۆماربکات) ( 2) .

ئه‌گه‌ر به‌ووردی سه‌رنج له‌ مێژووی تۆماركردنی به‌ر‌هه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور بده‌ین له‌و سه‌رچاوه‌یه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ ساڵی (1958) و به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه‌ زێرین ، كه‌مانچه‌ ژه‌ن

( موجته‌بای میرزاده‌17/3/1945_17/7/2005) جێی گومان و به‌دواداچوونه‌، له‌و ساڵه‌دا هونه‌رمه‌ند موجته‌بای میرزاده‌ له‌ ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ گرووپی مۆسیقادا كاری كردبێت..؟! .

( ساڵی 1967 له‌ڕۆژێكی پایزدا ، میرزاده‌ كرماشان جێده‌هێڵێت وماڵئاوایی له‌هاوڕێكانی ده‌كات و ده‌چێته‌ تاران، میرزاده‌ نزیكه‌ی شه‌ش‌ ساڵ له‌ڕادیۆی كرماشان كاری كرد) (3) .

ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1958) ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مه‌ی پێشكه‌ش به‌گوڵستانی مۆسیقاو گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردبێت، له‌ڕادیۆی تاران تۆماری كردبێت ، بێگومان له‌و سا‌ته‌وه‌خته‌دا هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار، هه‌ردوو برا ،

( حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی1931 سنه‌_ 16/8/2009 كه‌نه‌دا) و (حوسێن یوسف زه‌مانی 1933  سنه‌ _31/12/2013تاران) به‌هاوكاری گرووپی مۆسیقا له‌تاران هاوكاری هونه‌رمه‌ندان بوون و ڕۆڵێكی گرنگ یان هه‌بووه‌ له‌ پشتیوانی و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان.

‌ هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی باشماخ به‌شێك له‌ گۆرانییه‌كانی له‌ڕادیۆی سنه‌ تۆماركردبێت بێگومان نابێت ڕۆڵی ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ڕادیۆی سنه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا وه‌ك هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن كامگار 1923_1992) ، ،( گریشا میكایل زاده‌1929_ 6/4/1999) ،( محه‌مه‌د عه‌بدوالصمدی 1936_7/5/1999) و ( عه‌باس نیرومه‌ند1931_27/9/2016) فه‌رامۆش بكه‌ین،ئه‌گه‌ریش له‌ ڕادیۆی كرماشان هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی باشماخ  به‌رهه‌می تۆماركردووه‌ بێگومان به‌هاوكاری ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان، ( محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی، ژه‌نیاری( كلارنێت) و سه‌رپه‌رشتیاری ئۆركێسترای ڕادیۆ)، (ئه‌كبه‌رئیزه‌دی _ ژه‌نیاری( سه‌نتوور) ،( مه‌حمود بلووری _ ژه‌نیاری (عود) ، ( مه‌حمودمیرئاتی _ ژه‌نیاری( كه‌مان _ ڤیۆلۆن) ، ( موجته‌بای میرزاده_ ژه‌نیاری( كه‌مان _ ڤیۆلۆن) ، ( ئیسماعیل مه‌سقه‌تی_ ژه‌نیاری (تار) ، ئیستیوار ده‌روێشیان _ ژه‌نیاری (تار) ، (‌ به‌همه‌ن پوله‌كی _ ژه‌نیاری ( زه‌ڕب) ، ( مه‌سعود زه‌نگه‌نه‌_ ژه‌نیاری (نای).

مه‌به‌ستم له‌و به‌دواداچوون و ووردكۆڵییه‌ ته‌نهائه‌وه‌یه‌ به‌پێی ساڵ، مێژووی تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كان دیاری بكه‌ین و ڕۆڵی هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقاژه‌ن په‌راوێز نه‌كه‌ین و به‌حورمه‌ته‌وه‌ ناویان بێنین له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ به‌رزه‌ هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی خۆشخوانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون ، شایسته‌ی ناوهێنان و به‌رزنرخاندنی تێكۆشانی هونه‌ری و ڕێز بۆ ماندوبوونیان دابنێین.

هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی باشماخ له‌كۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییانه‌ی له‌دوای خۆی به‌جێماون به‌پێی سه‌رچاوه‌ و ناوی گۆرانییه‌كان (16) به‌رهه‌من،  به‌ڵام كه‌سێكی به‌سه‌لیقه‌ بووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كانی   زیاترسوودی له‌ فۆلكلۆر و دواتر شیعری شاعیران وه‌رگرتووه  و هه‌ندێكیش خۆی به‌زه‌وق و سه‌لیقه‌ی هونه‌ریی دانه‌ری بووه‌‌، 

لایه‌نێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ڕووی ده‌نگ و فۆنه‌تیك و  شێوازی خوێندنی گۆرانی، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیه‌ له‌ چڕینی گۆرانی دا واته‌ هه‌ركه‌سێك شاره‌زای بن زاراوه‌ی  تیله‌كۆیی و باشماخی نه‌بێت ، ناتوانێت به‌و شێوازه‌ گۆرانی بخوێنێ، ئه‌گه‌ر  گوێگر به‌ووردی گوێ له‌ تۆنی ده‌نگ و شێوازی خوێندنی هونه‌رمه‌ند بگرێت، تێده‌گات كه‌ هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عیدمه‌نسوور هونه‌رمه‌ندێكه‌ توانای( هۆره‌) چڕینیشی هه‌بووه‌ ( گۆرانییەکانی زاراوه‌ی  ئەردەڵانی یە و،  بن زاراوەیشی تیلەکۆیی یە، هەربۆیە کەسێک فەرموویەتی،ئەوەی بیەوێ گۆرانی یەکانی عەتاخان بڵێتەوە دەبێ بن زاراوەی تیلەکۆیی بەتایبەت باشماقی بزانێ وشارەزای ببێت) (4).

گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند عه‌تاخان، ڕه‌سه‌نایه‌تی لێده‌چۆڕێ و له‌هه‌رساتێك گوێی لێبگریت ڕۆحت ئاوپرژێن دەکا به‌ده‌نگی به‌سۆزی و هه‌وادارانی ئه‌لاوێنێته‌وه.

له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( عه‌زیزی سه‌یفی) پێی ڕاگه‌یاندم ( عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور  یان عه‌تاخانی سه‌ی مه‌نسوور، زاده‌ی سێگۆشه‌ی بۆكان، ساین قه‌ڵاو تیله‌كۆیه‌ ئه‌ویش گوندی ( باشماخ) ه‌،  به‌داخه‌وه‌ له‌كاتێكدا من هاتمه‌ ناوبواری هونه‌رییه‌وه‌ ، عه‌تاخان فه‌وتی كردبوو، ( ڕۆحی شادبێت) به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌ی ده‌نگ و خۆشخوانی له‌و هه‌ژاری و كه‌م ده‌رامه‌تی و نه‌بوونی ئامێره‌كانی تۆماركردن به‌شێوه‌یه‌كی باش، به‌ڵام  هونه‌رێكی به‌رزو پڕ چێژیی هونه‌ریی له‌دوای خۆی جێهێشتووه‌و  خه‌رمانی  هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌،ده‌توانم بڵێم ده‌نگێكی تاقانه‌ له‌ناوچه‌ی تیله‌كۆ ، سۆزێكی سه‌یری هونه‌ریی له‌ده‌نگی دایه‌ ، خاوه‌ن سه‌بكێكه‌ تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی له‌ناوچه‌كه‌دا ،
، ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ به‌رزه‌ له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رییه‌وه‌ كه‌سێكی خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و شاری سه‌قزو تیله‌كۆ بووه‌،  ده‌بێت سوپاسگوزاریی خۆیی و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بین هاوكاری بوون گه‌یشتۆته‌ ڕادیۆ و ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ی لێ تۆماركراوه‌، یه‌كێك له‌ قوتابیه‌كانی كه‌ زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ده‌یتوانی گۆرانییه‌كانی دووپاته‌ بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێچكه‌و توانای ده‌نگیی ، كه‌ زۆرجوان ئه‌یخوێند ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( خدر غه‌ریب یار) بوو به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش فه‌وتی كردووه‌، به‌هه‌رحاڵ عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور یه‌كێك له‌و ده‌نگانه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ستی گوێگر داده‌نێت) (5) .

به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێ هونه‌رمه‌ند عه‌تاخان له‌هه‌ر ستۆدیۆیه‌كی ڕادیۆكانی ( سنه‌ ، تاران و كرماشان ) ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ڕه‌سه‌ن و پڕ سۆزی هونه‌ریه‌ی تۆماركردبێت جێی ستایش و سوپاسگوزارییه‌ ، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند كۆمه‌ڵه‌ گۆرانییه‌كی ڕه‌سه‌نی زێد و ناوچه‌كه‌ی له‌فه‌وتان ڕزگاركردوه‌ و چێژی تایبه‌تی به‌ئه‌ویندارانی هونه‌ره‌كه‌ی به‌خشیوه‌ و گه‌نجینه‌ی ئاواز گۆرانی كوردیی ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌شێواز و چینه‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ند عه‌تاخان سه‌عید مه‌نسوور،  هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلۆن) ( ڕه‌شیدخان فه‌یزنه‌ژاد 1951 سه‌قز ) ڕای وایه‌ ( دەنگی عەتاخان لە باری تەکنیکیدا (ئاڵتۆ)  بووە و لە (تینۆ) نزیک بووە و دەنگێکی مەحزون و پڕسۆز بووە، لە دوای هونه‌رمه‌ند (سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی1882_4/2/1937)  دووھەمین گۆرانیبێژی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە کە لە شیعری شاعیرانی کلاسیکی کورد بۆ کارەکانی کەڵکی وەر گرتووە) ( 6).

هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریی دا توانیویه‌تی ئه‌و چه‌ند گۆرانییه‌ تۆماربكات،  گۆرانییه‌كان بریتین لە

 ( شیرین دامەچۆ ، باوانم باوانم ، سوه‌یبەباڵابەرز، عەمرم سەیزادە، توخوافاتم تۆ وازبێنە، خاڵۆی ڕێبوار ، ئای لەدوورلەدوور، غەریب مەڕۆ ، دوودەستم ببڕن بەلیمۆتەوە ، ئەوکچەڕەشتاڵە، کەومل باوانم، کانی یەکەی بەرماڵ، گەردن زەرد، گیان گیان ، باوانم، وسەوزەسەوزە)، له‌وانه‌یه‌ له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و سه‌رگه‌رمیی دیوه‌خان دا گۆرانی تۆماركردبێت، به‌هۆی نه‌بوونی ئامێری تۆماركردنه‌وه‌ نه‌توانرابێت تۆماركرابێت، چه‌ند ساڵێك پێش كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ( ڤیۆلۆن) ( ڕه‌سوڵ میرزا پوور ،1951 سه‌قز) چه‌ند گۆرانییه‌ك له‌ساڵی (1355ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر ( 1976 ی زاینی)  تۆمار ده‌كات،

 (لەساڵی 1355 لەگەڵ مامۆستا ڕەسووڵی میرزاپووردا چەند ئاوازیتر لە ماڵی خۆیان لە گوندی باشماخ دا تۆمار دەکات) (7) . 

لێره‌دا جێی پرسیاره‌ ، ئه‌و شانزه‌ گۆرانییه‌ی هونه‌رمه‌ند عه‌تاخان له‌ڕادیۆ تۆماركردووه‌، ئه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ڕه‌سوڵ میرزاپوور تۆماركردووه‌، ئایا ده‌بێت بڵاوكرابێته‌وه‌و كه‌وتبێته‌ به‌ر گوێی هۆگرانی ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی؟!

هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور ، ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌و  به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شیه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی (10) منداڵ بووه‌، ( 3) كچ ، به‌ناوه‌كانی  ( له‌یلا ، دره‌خشان و تووران) وه‌

 (7) كوڕ( حسه‌ین ، ناسر ، سه‌عید ، ئیقباڵ ، زاهید ، جه‌مشید ، شاهۆ و جه‌مشید).

هونه‌رمه‌ند  له‌ڕێی ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌یه‌وه‌ هونه‌رێكی جوانی پڕ سۆزو ئاوازی دڵنشینی كورده‌واری به‌خشیوه‌ به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، به‌ڵام ڕۆژ و ڕۆژگاره‌كانی ژیان  هونه‌رمه‌ندیان بێ به‌ش نه‌كردووه‌ له‌ساردی و گه‌رمیی و هه‌ورازو نشێوه‌كانی ، خۆشیی و ئازاریشیان پێ به‌خشیوه‌،  به‌ڕای من ئه‌گه‌ر چه‌شتنی جه‌رگ سووتان نه‌بوایه‌ ، هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌می زێده‌تری پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كرد ، به‌داخه‌وه‌ دووان له‌كوڕه‌كانی مه‌رگ ڕاپێچییان ده‌كات، ( حسێن) ی كوڕی كوژراوه‌و  (سه‌عید) یش به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، بێگومان ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕانه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ست و ناخی هونه‌رمه‌ند عه‌تا خانی سه‌عید مه‌نسوور داناوه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌(64) هه‌مین به‌هاری ژیانیدا نه‌خۆشیی به‌رۆكی پێده‌گرێت، له‌ساڵی ( 1360ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر( 1981ی زاینی) له‌و گونده‌ی چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌، هه‌رله‌و گونده‌ش كۆچی دوایی ده‌كات و  ته‌رمه‌كه‌ی له‌ئامێزی پیرۆزی خاكی كوردستان و زێده‌كه‌ی بۆهه‌تا هه‌تایه‌ ئارام ده‌گرێت.

 جه‌مالی ده‌لاك  (31/5/2023) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌:

سایتی  http://www.ekurds.com/kurdish/shukrallaybaban.htm

و 4) ماڵپه‌ڕی چه‌مه‌ڕا ،،، به‌ڕێز سادق حاجی ڕۆسته‌می ، له‌ شاری سنه‌ له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌، له‌ڕێكه‌وتی ( 21/9/2018)  زانیاری له‌سه‌ر ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ند بۆ ناردم ( ج،د).

(3) كتێبی ...موجته‌بای میرزاده‌ ،شانازیی میوزیكی كوردی ، دلێر سه‌لیم، لاپه‌ڕه‌ ( 49) .

(5)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( عه‌زیز سه‌یفی) خه‌ڵكی شاری سه‌قز ، ڕۆژی شه‌ممه‌ ( 28/5/2023) ( هه‌ولێر _ سلێمانی) ( ج،د).

(6) سايتى ويكيپيديا.

(7)  دیوه‌خانی كوردان ،،،   تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی  فه‌یبسبوك  26/8/2017.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.