ئەمرۆ رێكەوتی 4_6_2023 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگادا پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و یونیسێڤ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندە هاوبەشەكە، جەختی لەسەر ئەوە كردەوه" كە پرسی چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی بووەتە بابەتێكی جددی و پێویستە به زووترین كات هەنگاوی كردارەكی بۆ بهاوێژرێت، ئەوەی تا ئێستاش ئەنجامدراوە، تەنیا دەربازبوونە لە قەیرانی كەم ئاوی، بۆیە وەك شاری هەولێر" كە بەردەوام لە فراوانبووندایە، پێویستمان بە پڕۆژەی ستراتیژی وەبەرهێنانی ئاوی پاك هەیە، تاكو ئاوی ژێر زەوی زیاتر فشاری نەكەوێتە سەر.
گوتیشی: "كات لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە و تەوژمی گەرما دەستیپێكردووە و پێداویستی هاووڵاتیانی هەولێریش بۆ ئاوی پاك زیادیكردووە".
هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هیوای خواست، یونیسێڤ و وەزارەتی تایبەتمەند لە حكومەتی عێراق، بتوانن ئالتەرناتیڤ بۆ ئەم كێشە جددییەی ئاو بدۆزنەوە و پەلەش لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بكرێت.
لەلایەن خۆیانەوە شاندەكە باسیان لەوە كرد، كە ئەركی راستەقینەی حكومەتی ناوەندە كێشە و گیرگرفتەكانی هەموو شارەكانی عێراق چارەسەر بكات، ئەم داواكارییەی پارێزگای هەولێریش داوایەكی رەوای نیشتمانییە و پێویستە چارەسەری جددی بۆ بكرێت.
هەروەها جێگری پارێزگاری هەولێر مەسعود كاڕەش ئاماژەی بە لایەنە هونەرییەكانی چارەسەركردنی قەیرانی كەم ئاوی لە هەولێر كرد، ئەوەشی راگەیاند، كە پێویستە كۆبوونەوەكان چارەسەری دیراسەتكراوی بەپەلەی قەیرانی ئاو لەهەولێر بكات" چونكە بە داتاو بەدواداچوونی زانستی راپۆرتەكان دەخرێتە بەرچاو...
جێی باسە هەریەك لە جێگری پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرو بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی و بەرپرسی ناوەندی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
پارێزگاری هەولێر: تەوژمی گەرما دەستیپێكردووە و پێداویستی هاووڵاتیانیش بۆ ئاوی پاك زیادیكردووە
پارێزگاری هەولێر رایدەگەێنێت،شاری هەولێر بەردەوام لە فراوانبووندایە و پێویستمان بە پڕۆژەی ستراتیژی وەبەرهێنانی ئاوی پاك هەیە، تاكو ئاوی ژێر زەوی زیاتر فشاری نەكەوێتە سەر.
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.