Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 09:32

هەنگاوێكی نوێی کابینەی نۆیەم بۆ بوژانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ یه‌كشه‌م بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی تۆماركردنی بازرگانیی كارە بازرگانییەكانی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

له‌مباره‌یه‌وه‌ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند "بەڵێنەکانمان بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی دەبەینە سەر'' و لە ئێستاشدا خوازیارانی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی (business.digital.gov.krd) ناوە بازرگانییەکانیان تۆمار بکەن.

سه‌باره‌ت به‌ تایبەتمەندییەكانی سیستەمەكە و ئاسانكاری و سوودەكانی بۆ هاووڵاتییان، بڵند محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ڕایگەیاند "ئەم سیستەمە چەند تایبەتمەندییەكی هەیە لەوانەش لە ڕووی تێچووەوە 80%ی تێچووەكەی داشكێنراوە، پێشتر تۆماری بازرگانی لە 600 تا ملیۆنێك و 500 هەزار دیناری تێ دەچوو، ئێستا تەنیا بە 50 هەزار دینار دەکرێت، ئەگەر سەیری كۆی خەرجی گشتیی تۆماری كۆمپانیا بكەین، ناگاتە 150 هەزار دینار، ئەمەش كارئاسانییەكی زۆری بۆ خزمەتخوازانی هەرێمی كوردستان و كەسانی بیانی كردووە".

لە بارەی سوودی سیسیتەمەكە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ئاماژەی بەوە كرد "یەكێكی تر لە سوودەكانی ئەم سیستەمە، ڕەخساندنی هەلی كارێكی زۆرە بۆ دەرچووانی تازەی كۆلێژەكان و ئەو گەنجانەی داهاتیان سنووردارە، بۆ ئەوەی بتوانن تۆماری كۆمپانیا بکەن، هەروەها هەر كەسێك بیەوێت كۆمپانیا تۆمار بكات، پێویستە بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی كۆمپانیاكە تۆماری بایۆمەتری بكات، واتە تۆماری ژمارەی كەسی بێهاوتای هەبێت، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی (5) لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەران، ناكرێت فەرمانبەران لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لەهەمانكاتدا كار بکەن، ئەمەش وا دەكات هەلیكارێكی زۆر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت".

بڵند محەمەد راشیگەیاند "لە ڕێگەی تۆماركردنی بایۆمەتری دیار دەبێت ئەو بەڕێوەبەرەی ڕێپێدراوە، فەرمانبەرە لەكەرتی گشتی یان نا، پاڵپشت بە ماددەی (121)ی كۆمپانیاكان، پێویستە بەرێوەبەری رێپێدراوی هەر كۆمپانیایەك كەسانی شارەزا و پسپۆڕو دەرچووی كۆلێژ بن، بەمجۆرەش هەلی زیاتر بۆ گەنجانی دەرچووی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێت و لەلایەکی دیکەش ڕۆتین کەم دەکاتەوە و كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات، ئەویش تەنیا بە یەك سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان یان بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری كۆمپانیای شارەكان دەكرێت، بۆ پێشكەشكردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەكان یان وەرگرتنەوەی بڕوانامەی تۆماری كۆمپانیا یان ناوی بازرگانی".

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.