Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 19:51

ئەتلەتیکۆ و ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە قوتابخانەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

کوردستان TV
100%

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئاماژەی بەوە دا کە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شارەکانی ئیسپانیا دەبن بە دەستەخوشک، هەروەها ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە قوتابخانەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی بەهێز لەناو عێراقی فیدڕاڵیدا، پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی دەدات؛ بۆ ئەو مەبەستەش وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاى لە پێشینەى ئەو وڵاتانە داناوە، کە پەیوەندییان لەگەڵدا بەهێز دەکات.

ڕاشیگەیاند: هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسپانیادا دروست کردووە و هەردوو لاش کار بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییە کولتووری و ئابووریى و وەرزشییانە دەکەن.

کشتوکاڵ، ڕایەڵەى ئایندەیی پەیوەندیی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە، ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەرى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاوەدانكردنەوە دەکەم بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ئەوروپا، هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە زۆر بواری تردا هەناردەى بۆ دەرەوەی وڵات هەبێت، بەتایبەت بۆ وڵاتی ئیسپانیا؛ ئیسپانیا خۆی لە ڕووی بەروبوومی كشتوكاڵییەوە وڵاتێكی بەهێزە، لە ئاستی ئەوروپا ئەگەر یەكەم وڵات نەبێت، لە پلەى دووەمدایە. ئێمە لە هەوڵداین و زانیاری لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە وەردەگرین، تا بزانین چۆن هەناردەى کشتوکاڵی بۆ ئیسپانیاش دەست پێ بکەین.

لەبارەى دروستکردنی پەیوەندیی وەرزشیی هەردوولاوە، گوتی: زۆر هەوڵمان داوە گرنگییەكی تەواو بە بابەتی زانستی و كولتووری و وەرزشی بدەین، بۆیە پێموایە لەڕێگەی وەرزشەوە دەتوانین بۆ منداڵانی هەرێمی كوردستان سوودبەخش بین؛ لەم بوارەدا چەند دیدارێكمان لەگەڵ یانەكانی ئیسپانیا وەك ریاڵ مەردرید و بەرشلۆنە و ئەتلەتیكۆ مەدرید کردووە. ئێستا ئەتلەتیكۆ مەدرید ڕەزامەندیی داوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دەخوازێت قوتابخانە وەرزشییەكانی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە. لەم میانەیەش بڕیارە چوار قوتابخانە بکاتەوە و گرێبەستەكان بۆ سێ ساڵ بێت. حکوومەتی هەرێمیش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو بیرۆکەیە داوە.

گوتیشی: دوای سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە بڕیارە لەگەڵ یانەكانی بەرشلۆنە و ریاڵ مەدریدیش بە هەمان شێوە كار بكەین، ئەم بیرۆكەیە بۆ ئەوەیە بتوانین لەچەند ساڵی داهاتوودا خولێک لەگەڵ یانە ئەوروپییەكان بۆ منداڵانی هەرێمی كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرزشەوە پەروەردەیەكی بەهێزى منداڵانی هەرێمی کوردستان بکەین و ئاستی وەرزشی بەهێز بکەین.

ئایدن ئۆستان باسی لەوەش کرد کە جگە لە لایەنی وەرزشی، لەڕووى کولتوورییەوە پرۆژەیەكی دیکەمان دۆزینەوەی دەستەخوشكە لەنێوان شارەکانی ئیسپانیا و هەرێمی كوردستان؛ بۆنموونە (گەرنیكا) شارێكە دەكەوێتە هەرێمی باسك، هاوشێوەی هەڵەبجە بۆردومان كراوە و كەسانی زۆر تێیدا گیانیان سپاردووە، ئەمە دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ پەیوەندیی نێوان ئەم دوو شارە. بە هەمان شێوە بۆ هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەش ئەو هاوبەشییە کولتوورییە دەدۆزینەوە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئاماژەی بەوەش دا کە یەكێكی دیکە لەو بەرنامانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بیکات، بواری كولتوورە، ئەوەش لەڕێگەی نوێنەرایەتییەكان لە هەر وڵاتێک، دەمانەوێت ساڵانە هەفتەی كوردیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بابەتە كولتوورییەكانی كورد لەلایەنی میوزیک، شانۆ، جلوبەرگ و سینەماوە بە شێوەیەكی گشتی پێشکەش بکەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.