Erbil 38°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 21:23

دوای پەسەندكردنی بودجە نرخی دۆلار چی بەسەردێت ؟

کوردستان TV
100%

فەیسەڵ هەیمس، سەرۆكی دەستەی دراوەكان پێشبینی دەكات دوای پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2023 نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزێت و دۆخەكە سەقامگیرببێت.
هەیمس لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە،دەستەكەیان پشتگیری لە دیناری عێراقی دەكات، هەرچەندە پرسەكە بەشێوەیەكی سەرەكی لە ئەستۆی بانكی ناوەندییە، بەڵام سەقامگیری نرخی دینار نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكی هاوبەش دەكات.
هەروەها گوتی: سەقامگیری دینار متمانە بە وەبەرهێنەرانی نوێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی بێنە ناو بازاڕی عێراق.
هەیمس ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێوشوێنانەی بانكی ناوەندی گرتیەبەر، بووە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار.
هەیمس هۆكاری هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی بۆ پەسەندنەكردنی بودجە گەڕاندەوەو پێشبینی دەكات پەسەندكردنی بودجە ببێتە هۆی سەقامگیری نرخی دینار.
هەروەها گوتیشی: بەپەسندكردنی بووجە پارەیەكی زۆر دێتە بازاڕەوەوپڕۆژەكان بەگەڕدەخرێنەوە،ئەمەش سەقامگیری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابین دەكات.
وابڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و لە میانیدا، پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 بخاتە دەنگدانەوە.
شایانی باسە دوێنێ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی دیدارێكی لەگەڵ كونسوڵی توركیا لەهەولێر رایگەیاند:  لەسەر ئاستی باڵای سیاسی هەرێم و بەغداد گفتوگۆ  و پەیوەندییەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق كە تایبەتن بەهەرێمی كوردستان.
هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە وەك شاندی دانوستانكاری هەرێم پێشبینی ئەو كێشە و گۆڕانكاریانەیان نەكردووە بەهۆی ئەوەی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگەی پاریس ڕێككەوتنی سیاسی و حكوومیان لەسەر بودجە و نەوت كردووە و ماف و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستانیان بە دەقی یاسایی چەسپاندووە.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش دا تاڕادەیەك نەرمی نواندن هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكانمان ناكەین و پابەندین بەو ڕێككەوتنانەی پێشتر ئەنجاممان داوە و چاوەڕوانین سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی لەمڕووەوە ببینێت .
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.