له كۆبوونهوهی ئهمڕۆ چوارشهمی ئەنجوومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان چهند تهوهرێكی گرینگ خرانه بهرباس و تاوتوێ كران، له یهكێك له تهوهرهكاندا پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە كرا و ههروهها داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان كرا ههموو بهیهكهوه بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژە یاسای بودجەدا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2025-2023) و بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ واژۆ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە دووپات کردەوە کە دەرئەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لەسەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەکڕیزی، بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.
لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێکی پڕ لە زانیاری لە بارەی داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ڕێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا، وەزیری شارەوانی ئاماژەی دا بە ڕێکخستنەوەی ڕەوشی بیناسازیی لە هەرێم لە ڕێگهی داڕشتنەوەی کۆدی بیناسازیی و نوێکردنەوەی پرۆسەی ڕێپێدانی بیناكردن بە ئاراستەی کۆنتڕۆڵکردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازی و ڕێگرتن لە سەرپێچی و زامنکردنی سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە و سەلامەتی دامەزراوەی کارەبایی و میکانیکیی ناو بینا و باڵەخانەکان و سەلامەتی پێکهاتە و کارامەیی لە وزە و هەنگاونان بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی پرۆسە و ڕێکاری ڕێپێدانیی بینا.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لەو هەنگاوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گشت وەزارەتەکانیشی ڕاسپارد کە هاوکار و هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن بۆ جێبەجێکردنی کۆدی بینا و ڕێنمایی نوێی پلانسازیی و بە جدیی کار بکەن بۆ ڕێکخستنەوە و بەدوادچوونی موڵکەکانی دەوڵەت لە سەرجەم وەزارەتەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە سەرچاوەیەکی فراوانی داهاتی گشتین، ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دیوان و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی وەزارەتەکان بە ئاراستەی پیادەکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنیی بۆ تۆمارکردنی وردەکاریی و زانیاریی موڵکی گشت دامەزراوە حکوومییەکان لە داتا سەنتەری ناوەندیی حکوومەت و و داڕشتنی پرۆسە و میکانیزمی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بە ئاراستەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەکارهێنانەوەی داهاتی وەبەرهێنان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بۆ خەرجیە گشتیەکان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کورتەیەکی دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دیاردەکانی سیم کارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەکراو و چەکی بێ مۆڵەت و هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە خستەڕوو، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون و گرفت و بەربەستەکان دا، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاووڵاتییان لەمبارەیەوە کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت و لەو کاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری پێویست دەگیردرێتەبەر، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە ڕێکارەکانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی تاوان و توندوتیژیی وپاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان.
لە بڕگەی کۆتاییدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری ناوخۆ، باسیان لە بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەخەکراوی ڕێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسای ڕێگە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ناوخۆی دا کە بەردەوام بن لە ڕێکارە هاوبەشەکانیان و پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەک لەسەر ڕێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و ڕووبەڕووکردنەوەی سەرپێچیکاران لەبەرامبەر یاسا و وەرگرتنی ڕێکاریی قەزايی بەرامبەریان.
بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، ئەنجوومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا دەکات و بە هیوای بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.