Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 16:22

لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون چەند ڕێنماییەکی نوێی دەرکرد

کوردستان TV
100%

لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کۆبوونەوەیەکدا چەند ڕێنماییەکی نوێی دەرکردووە و بڕیاریش درا ڕێگری لە گواستنەوەی ئاژەڵ بکرێت، تەنیا دەبێت لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیی ڤێتێرنەرییەوە بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 07ـی 06ـی 2023 بە سەرپەرشتی ڕزگار حەمەد خدر ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان بەدواداچوون لە  وەزارەت و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئەوقاف، لێژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کۆبووەوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتەڕوو، ڕایگەیاند: جەخت لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و هۆشیاری بۆ خاوەن ئاژەڵ و قەساب و هاووڵاتییان کرایەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک گۆشتی سەر شەقامەکان و گۆشتی بێ مۆر بەکاربهێنن بۆ خواردن، هەروەها جەخت لەسەر لێپێچینەوەی توند بەرامبەر بەو کەسانەی لە دەرەوەی قەسابخانەکان ئاژەڵ سەردەبڕن، یاخود گۆشتی بێ مۆر دەفرۆشن کرایەوە.

ڕاشیگەیاند: بڕیار درا بە ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ئاژەڵ، تەنیا دەبێت لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەرییەوە بێت، لەپێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی لەڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە پەیامی خۆپارێزی بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە  کاتی قوربانیکردن لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، ئاژەڵەکان لە قەسابخانەکان و لەژێر چاودێری و ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتییەکانیی ڤێتێرنەری سەرببڕدرێن و دەبێت مۆری سەربڕخانەکانی پێوەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.