Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 10:02

میسی به‌ فه‌رمی ناوی یانه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاشكرا كرد

کوردستان TV
100%

لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ی ئه‌رجه‌نتینی به‌ فه‌رمی په‌یوه‌ندیكردنی به‌ یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مه‌ریكی ڕاگه‌یاند، دوای كۆتاهاتنی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فڕه‌نسی.

میسی ئه‌مشه‌و چوارشه‌م له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (سپۆرت)ی ئیسپانی گوتی: بڕیاری په‌یوه‌ندیكردنم به‌ یانه‌ی ئینته‌ر میامی دا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا به‌شێوه‌ی 100% گرێبه‌سته‌كه‌م واژوو نه‌كردووه‌، به‌ڵام بڕیاری كۆتاییم داوه‌ و ئیتر له‌و یانه‌یه‌ درێژه‌ به‌ ژیانی وه‌رزشی ده‌ده‌م.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بۆسكێتس و جۆردی ئه‌لبا بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ یانه‌ی ئینته‌ر میامی، میسی گوتی: ئه‌وانه‌ ته‌نیا ده‌نگۆن و پێشتریش وا بڵاوكرابووه‌وه‌ كه به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چینه‌ سعوودییه‌، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وان خۆیان داهاتوویان دیاری ده‌كه‌ن و هه‌رگیز ‌ڕێككه‌وتنمان نه‌كردووه‌ ‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه بچینه‌ یانه‌یه‌ك، من خۆم بڕیاری خۆم داوه‌ و ناشزانم ئه‌وان چ بڕیارێك ده‌ده‌ن.

گوتیشی: گرێبه‌ستێكی ترم له‌ خولی ئه‌وروپا پێ گه‌یشتبوو، به‌ڵام گوێم پێ نه‌دا، چونكه‌ بۆچوونم وابوو كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌وروپا بمێنمه‌وه‌ ئه‌وا ته‌نیا یاری بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ش كه‌ بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ زه‌حمه‌تی تێكه‌وت، بڕیارم دا بچمه‌ خولی ئه‌مه‌ریكا.

میسی هه‌روه‌ها گوتی: ئێستا ده‌مه‌وێ له‌ شوێنێكی تر تۆپی پێ تاقی بكه‌مه‌وه‌ و چێژ ببینم و سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ستبێنم، ئاواته‌خوازیشم به‌ هێمنی و ئارامییه‌وه‌ شته‌كان ئه‌نجام بده‌م.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو میسی بگه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌، یاخود په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی هیلال و خولی سعوودییه‌وه‌ بكات.

به‌ڵام دواجار میسی كۆتایی پێ هێنا و بڕیاری دا له‌ وێستگه‌ی داهاتووی یاری بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ بكات كه‌ دێڤید بێكهام ئه‌ستێره‌ی پێشووی ئینگلیزی خاوه‌ندارێتی ده‌كات.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی (سپۆرت) گرێبه‌سته‌كه‌ی میسی له‌گه‌ڵ یانه‌ی میامی بۆ ماوه‌ی 4 وه‌رزه‌، به‌ڵام یانه‌ی هیلالی سعوودی گرێبه‌ستێكی بۆ ماوه‌ی 2 وه‌رز پێشكه‌ش كردبوو.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.