وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان هاتەدەنگ و دەڵێت، لەمەودوا ئۆباڵی ئەو کێشە ئابووری و داراییانەی بەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و هێز و لایەنەکانی پەرلەمانی عێراقە.
ئەمڕۆ شەممە 10ـی 06ـی 2023 ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ڕاستییەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسیی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندووە، بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستووری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ڕاشیگەیاند: هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەو بڕگە و ماددانەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکوومەتی عێراق لەنێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژوو کراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دراو دواتریش ڕێککەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دوایین ڕێککەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 04ـی 04ـی 2023 بەئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغداد واژوو کرا
ئاوات جەناب هەروەها باسی لەوە کردووە کە هەر لە سەرەتای ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حکوومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو ڕێککەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانووستان لەنێوان هەردوولا ئەنجام درابوون.
باسی لەوەش کردووە کە ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کە ئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی ڕژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمییە بەرامبەر بە دۆزی کورد.
وەزارەتی هەروەها دەڵێت: بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆتوبەند و بارگرانییە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان وەک هاووڵاتییەکی عێراقی نەکراوە و ئەوەش کارێک دەکات کە حکوومەتی هەرێم بەگشتیی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت، بۆیە سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکارییە ستەمکارانەیە دەکەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچووی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای)….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان.
دەشڵێت: بەداخەوە جارێکی دیکە بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کورد و بەهۆی موزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیا بکرێتەوە.
ئاوات جەناب لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو کەشوهەوا ناتەندروستەی ئێستا دروست بووە، دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی دیکەیە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بە تەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بووبێت، ئەوا لەمەودوا لە ئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێز و لایەنانەیە کە دەنگیان بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق داوە، هەروەها ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی لەمەودوا بەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکوومەتی عێراقدایە.
وەزیری دارایی هەروەها دەڵێت: خۆزگە ئەو هێز و لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بەناوی شەفافییەت و یەکسانییەوە ئەو هەموو کۆتوبەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە تەنیا لە 10%ـەیان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە 10 ساڵی ڕابردوەدا بۆ یەکجاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنووردار بکردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەکەی عێراق چارەنووسی دیاری بکرایە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە بە سەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، هەموو گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لێی زەرەرمەندە و ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەستخۆشی ئەوکاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکە وەزیری دارایی دەشڵێت: خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا دەبینی تەنیا ڕوویان لە هەرێمی کوردستان نەبووایە و ئاوڕێکیان لە عێراقیش بدایەتەوە، ئاخۆ گەندەڵی لێیە؟
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.