ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازێک بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.
ئەمشەو شەممە 10ـی 06ـی 2023 شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: فراکسیۆنی پارتی پێشنیازی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، بەشێوەیەک کە هەموو مانگێک 12%ـی پاشەکەوتی مووچەکانیان بدرێتەوە.
ڕاشیگەیاند: واژوو بۆ ئەو پێشنیازە کۆکراوەتەوە و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری واژوویان لەسەر پێشنیازەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە پێشنیازەکە ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و بۆ جێبەجێکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە.
بڕیارە ئەمشەو دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بەو ماددانەی کە تاوەکو ئێستا دەنگیان لەسەر نەدراوە، بەڕێوەبچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.