شارەزایەكی بواری ئابووری ڕەتیدەكاتەوە دوای پەسندكردنی بودجە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی داببەزێت.
محەمەد حەسەنی، شارەزای بواری ئابووری بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند: نرخی ئاڵوگۆڕ هیچ پەیوەندییەكی بە پەسندكردنی بودجەوە نییە، بەڵكو سیاسەتێكی دراوییە و ئەركی بانكی ناوەندییە كە ڕێكارەكانی ببێتە هۆی سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕكردن.
هەروەها گوتی: خەرجییەكانی حكومەت بە پەسندكردنی بودجە، نابێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، بەڵكو بە پێچەوانەوە، دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار ،چونكە حكومەت دەبێ پارەی دیكە بۆ دامەزراندنە تازەكان خەرج بكات، كە مووچەی كەڵەكەبووی زیاتر لە 6 مانگە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پارەیەكی زۆری كاش بچێتە بازاڕ و لە شتی جۆراوجۆردا خەرج بكرێت، بەو هۆیەوە ئەم پارە كاشە لە پڕۆسەی كڕیندا دەبێتەوە بە دۆلار، چونكە دەوڵەت هیچ بەرهەمێكی خۆی نییە بەهاووڵاتیانی بفرۆشێتەوە.
هەروەها حەسەنی ئاماژەی بەوەدا كە هەندێك لە بازرگانانیش تا ئێستا دۆلاریان بۆ دابینكردنی دارایی بازرگانییەكانیان لە بازاڕ دەكڕن ، چونكە ئەوان لەبەر چەندین هۆكار نەچوونەتە بانك بۆ دابینكردنی دارایی هاوردەكردن ، ئەمەش فشاری لەسەر ئەو هاوردەكردنە دروستكردووەو بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار.
جێی سەرنجە لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەواوبوونی پەسەندكردنی بودجە، نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی زیاتر لە دوو دۆلار دابەزی ، ئەمڕۆ یەكشەممە،نرخی 100 دۆلار گەیشتە 145 هەزارو 900 دینار لەكاتێكدا رۆژی چوارشەممەی رابردوو نرخی 100 دۆلار 147 هەزارو 950 دیناربوو.
نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دوای پەسندكردنی بودجە چی بەسەردێت؟!
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.