Erbil 38°C یەکشەممە 10 ئایار 18:04

سه‌رۆک بارزانی: تاوەکو ئێستا ئەوانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەکەن هیچ بەدیلێکیان پێنەبووە

کەرنەڤاڵى پشتگیریکردن له‌ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە ئاکرێ سازكرا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێز مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جه‌ماوه‌رێكی زۆر کەرنەڤاڵى پشتگیریکردن له‌ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە شارۆچكه‌ی ئاکرێ سازكرد، له‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،بۆ جه‌ماوه‌رى ئاماده‌بووان ووتارێكی پێشكه‌ش كرد، كه‌ تێیدا تیشكى خسته‌ سه‌رپرسه‌هه‌نووكه‌ییه‌كانى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌.


به‌رێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 13/9/2017 لە کەرنەڤاڵی پشتگیریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، رایگەیاند: بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیاری ھەموو خەڵکی کوردستان، چونکە کەس سەرەبخۆییمان بە دیاری پێنادات.

سه‌رۆك بارزانی، ئەوەشی خستە روو: حکوومەتی عێراق بڕوای بە کاری ھاوبەش نییە و عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت دانەمەزراوە، تەجروبەیەکی تاڵمان ھەیە و کەس حەزناکات ژیان و گوزه‌رانى لێ تێك بچێت، زۆر دەستکەوتمان بەدەستھێناوە، ھیچ گومانی تێدانییە کە ئه‌وان بەو دەستکەوتانەش رازی نین و دەیانەوێت لێمان بستێنن، ئەوان زۆرینەی سیاسی بەکار دێنن، 10 ساڵە یاسای پێشمەرگە رێک ناخه‌ن، بەڵام ئیرادەی میللەتى كوردستان بە زۆرینەی سیاسی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق تێک ناچێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: تاوەکو ئێستا ئەوانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەکەن هیچ بەدیلێکیان پێنەبووە و ئەگەر بەدیلێک بۆ ریفراندۆم هەبێت و هەمان ئامانج جێبەجێ بکات، قبوڵی دەکەین. لە هەمانکاتدا ، هەموو باجێک بۆ سەربەخۆیی دەدەین.

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی: دەنگی ئێوە بۆ سەربەخۆیی رۆحی شەهیدان ئاسوودە دەکات ، دەنگی ئێوە کۆتایی بە ئەنفال و کیمیابارانکردن و سووتاندنی گوندەکان دەهێنێت.


لەبارەی شەڕی داعشەوە سه‌رۆك بارزانی گوتی، هەڵوێستی ئێمە هەروەک جارانە و بەردەوام دەبین لە شەڕی دژی داعش.

سەرۆک بارزانی ئاماژه‌شى به‌وه‌دا، كه‌ چیدیكه‌ نابێت په‌یمانه‌كانى لۆزان و سایكس-پیكۆ چاره‌نووسى كوردستان دیار بكه‌ن و ده‌بێت خه‌ڵكى خۆمان و گه‌لى كوردستان ئه‌و چاره‌نووسه‌ دیار بكات.

سه‌رۆك بارزانی، لە کەرنەڤاڵەکەی ئاکرێ، ئاماژەی بەوەش دا کە 100 ساڵە لە ئێمە دەکوژن وھەركه‌ چووینەوە بەغدا و دەستوورمان لەگەڵ دانان، بەڵام ئەوان هیچ مافێك مان پێ ره‌وا نابینن، بۆیە کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، و سەرکێشی و چاوەڕوانی كردن مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لە عێراق، ترسناکترە لە سەرکێشی ریفراندۆم.

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.