له دیدارێكی نێوان نێچیرڤان بارزانی و برێت مه‌كگۆرگ، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی به‌رده‌وامبوونی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له رێگه‌ی لێكگه‌یشتنه‌وه كرایه‌وه.
شه‌وی ڕابردوو سێشه‌ممه 13/9/2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له برێت مه‌كگۆرگ نێرده‌ی تایبه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆریان له عێراق و سووریا تاوتوێ كرد و تیشكیان خسته سه‌ر قۆناغی دوای له‌ناوبردنی داعش و دۆخی ناوچه ڕزگاركراوه‌كان به‌تایبه‌تی بابه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران بۆ سه‌ر زێدی خۆیان له مووسڵ و ده‌وروبه‌ری.
له ته‌ورێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم كرا و هه‌ردوولا تێڕوانینی خۆیان ده‌رباره‌ی پرسه‌كان خسته ڕوو.
له به‌شی كۆتایی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا تاتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی به‌رده‌وامبوونی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له رێگه‌ی لێكگه‌یشتنه‌وه كرده‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.