سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاتووەتە سەر هێڵ. جەختیشی لەوە کردەوە کە بەبێ بوونی بەدیلێکی باشتر لە ڕیفراندۆم، ئەوا ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی کە ئێستا لە شاری زاخۆ بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بە هۆکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کرد و دواتر جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا عێراق هەوڵدەدات بە ناوی زۆرینەی سیاسییەوە، زوڵمێکی دیکە لە گەلی کوردستان بکات.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/9/2017، شاندێکی هاوپەیمانان سەردانیان کردووە و گفتوگۆی چڕ و پڕیان لەبارەی ڕیفراندۆم کردووە. گوتیشی: ”ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاتووەتە سەر هێڵ“. دووپاتیشی کردەوە کە بەبێ بەدیلێکی باشتر لە ڕیفراندۆم، ئەوا ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.
ئەمەش دەقی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە:-
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
خوشک و برایان
ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە من جارێکیتر لە زاخۆی دەلالم
پێش هەر شتێک ئەو یاریگایەتان لێ پیرۆز دەکەم، یەکەمجارە من دێم ئەو یاریگایە دەبینم، ئیشەڵا زاخۆ و هەموو شارەکانی کوردستان لە پێشکەوتن و خۆشی و ئارامیدا دەبینین.
خوشک و برایانی بەڕێز
من نەهاتووم بۆ زاخۆ تا داواتان لێ بکەم دەنگ بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان بدەن، چونکە ئێوە پێویستیتان بەهیچ کەس نییە پێتان بڵێت دەنگ بدەن، بەڵام باوەڕ بکەن من بیری ئێوەم کرد و ویستم بێم هەوای زاخۆ هەڵمژم تا جارێکی دیکە شەحن ببمەوە.
ئەمڕۆ بابەتی گرنگ بۆ ئێمە هەمووان، بابەتی ڕیفراندۆمە
بڕیاری ڕیفراندۆم، بڕیاری یەک کەس و حزبێک و چەند حزبێک نییە، بڕیاری گەلی کوردستانە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە 7ی حوزەیران بە مەردانە بڕیاری خۆیان دا کە ڕۆژی 25ی ئەیلوول بچینە سەر سندووقەکان و چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.
بۆ ئەو بڕیارە درا؟ ئەو بڕیارە درا پاش ئەوەی هەموو ڕێگەکانی دیکە شکستی هێنا. دەستوور پێشێل کرا، شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگی نەما، گەڕاینەوە بۆ بیدعەیەکی نوێ، دوێنێ زۆرینەی سیاسی پشتی پێ بەسترا، دوو نموونەی زۆر ڕەشی زۆرینەی سیاسیمان بینی، یەکەمیان بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، 10 ساڵە خەریک بووین لە پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ پێشمەرگە دابنرێ و چەک و بودجە بۆ پێشمەرگە بێت، بەڵام ئەم دەست و ئەو دەستیان بە ئێمە کرد و جێبەجێیان نەکرد، بەڵام بە دوو کاتژمێر یاسای حەشدی شەعبییان دەرباز کرد و بە ملیارەها چەک و تەقەمەنییان خستنە دەست.
دوێنێ پەرلەمانی عراق بە زۆرینەی سیاسی بڕیارێکی ڕەشی لە دژی کوردستان دەرکرد کە ئەوە مافی ئەوان نییە. ئەمڕۆش بڕیارێکی دیکەیان لە دژی کەرکووک دەرکرد کە هەرگیز ئەوە جێگەی قەبوڵکردن نییە.
ئەمڕۆ پێش ئەوەی بێمە خزمەتتان، شاندێکی هاوپەیمانان کە لە نێویان نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا لە بەغدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، هاتبوون و چەند کاتژمێرێک گفتوگۆمان کرد، ئەوان بۆچوون و پێشنیازی خۆیان هەبوو و گوێمان گرت، ئێمەش بۆچوون و هەڵوێستی خۆمان باس کرد.
هەڵوێستی ئەوان دیارە و دەڵێن ئێمە لەگەڵ مافی گەلی کوردستان داین، بەڵام بە بۆچوونمان کاتەکە بۆ ڕیفراندۆم گونجاو نییە، نەوەک کێشە ڕوو بدات، ئێمەش دەڵێین چی دیکە ڕوودەدات؟ ئێمە گوتمان، ئەگەر بەدیلەکی باشتر هەبێت، گەلی ئێمەش ڕازی دەبێت، ئەمما ئەگەر بەدیل نەبێ، ئێمە ڕیفراندۆمی خۆمان دەکەین و چی دەبێ با ببێ.
چەند ڕۆژە لەگەڵیان لەسەر هێڵین و ئەنجومەنی ئاسایشیش هاتوونەتە سەر هێڵ. ئەگەر ئامانج تەنیا دواخستنی ڕیفراندۆم بێت، ئەوا ڕیفراندۆم دواناخرێ، بەڵام دەبێ بەدیلێکی باشتر هەبێت.
خوشک و برایان
بابەتەکە ئیرادەیە، ئەگەر ئیرادەی ئێمە بەهێز بێت و ئامادە بین باجی پێویست بۆ سەربەخۆبوون بدەین، لەو باوەڕەدام و گومانم نییە کە سەربەخۆیی مسۆگەرە و بەدەست دێت.
کەس سەربەخۆبوون بە دیاری بۆ ئێمە ناهێنێت و کەسیش خۆی بۆ ئێمە تووشی کێشە ناکات، دەبێ ئێمە داوای سەربەخۆیی بکەین، دەبێ خۆشمان بۆ هەموو ئەگەرەک ئامادە بکەین. باوەڕ بکەن ئەگەر بمانزانیبا ئەو دۆخەی لە کوردستان هەیە دەمێنێت، ئێمە کێشەمان نەبوو، بەڵام ئەوان ئەگەر شتێکیان بێتە دەست، ئەو دۆخەمان نایەڵن و تێکی دەدەن.
ئێستا دەستووریان بیردێتەوە و دەڵێن دەستووری نییە، ئەو دەستوورە لە 2005ەوە هەبوو و ئەوان لەبیریان کرد و پێشێلیان کرد، بۆچی باسی ئەو دەستوورە ناکەن کە دەڵێ (پابەندبوون بەو دەستوورە یەکێتیی ئارەزوومەندانەی خاکی عێراق دەپارێزێت)، لە پاش 2003 بە نیازێکی پاک چووینەوە بەغدا، گوتمان عێراقێکی فیدرالی و دیموکراسی دروست دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی وامانزانی هاوپەیمانمانن، بێوەفاییان کرد.
ئێستا حکوومەتێکی فیدرالی و دیموکراسی لە عێراق نییە، بەڵکوو حکوومەتێکی ئایینیی مەزهەبی لە عێراق حوکم دەکات، خەڵکی دیکە قەبوڵی دەکات، ئێمە قەبوڵی ناکەین، چونکە ئێمە بە ئارەزوومەندانە چووین، کاتێک شەراکەت سەری نەگرت، کەس ناتوانێت بسەپێنێت بەسەرماندا، لە یەک ماڵدا ئەگەر دوو برا پێکەوە نەگونجان، ماڵی خۆیان دەکەن.
ئەوە 100 ساڵە ئێمە دەڵێین براین و لە عێراقدا پێکەوەین، بەڵام لەو 100 ساڵەدا نە ئێمە و نە ئەوان خۆشییان نەبینی، ئەرێ کامیان باشە؟ ئێمە جیابینەوە و ببینە دراوسێ؟ یان ئەو دۆخە بەردەوام بێ و هیچ لایەکیشمان خۆشی نەبینین.
لە 2003 ئێمە هەڵەمان کرد کە چووینەوە بەغدا، بەلام ئەوەی چوو ناگەڕێتەوە، دەبێ بیر لە ئایندە بکەینەوە، من ئەو ئایندەیە تەنیا لەوەدا دەبینم کە لەگەڵ بەغدا ببینە دوو دراوسێ و ڕۆژ بە ڕۆژیش هەنگاوی خراپتر و ڕەشتر لەلایەن پەرلەمانی عێراق دێتە هاوێشتن، ئەو دۆخەی پەرلەمانی عێراق هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ نایەڵێت. ئەوەیە زۆرینەی سیاسی هەرچییەکیان بوێت، سبوغێکی پەرلەمانی لێ بدەن و بەناوی یاسا بەسەرمانیدا بسەپێنن. ئێمە ناچار نین ئەوە قەبوڵ بکەین.
ئێمە سووکایەتیکردن بەرامبەر گەلی کوردستان زیادی کردووە، بە زمانێکی زۆر نزم، زۆر سەیرە کاتێک میللەتێک داوای مافی خۆی بکات، بڵێن تاوانە و پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام ئەنفال و وێرانکردنی شار و گوند و کیمیاباران و نانبڕینی میللەتێک تاوان نییە.
وەفا باشترین سیفەتە بۆ هەر مرۆڤێک، هەندێک زماندرێژ پەیدا بوون لە بەغدا، هێشتا نان و ئاوی کوردستان لە سکی ئەوان دایە، کەسێک وەفای نەبێت، دەستی لێ بشۆن. پێش چەند ڕۆژێک، خۆم سەیری تەلەڤزیۆنم دەکرد، کەسێکی عەرەب کە هیچ جارێک کورد زیانیان بۆی نەبووە، نازانم لە ئەسڵدا عەرەبە یان نا، دیبەیتێکی لەگەڵ کوردێک هەبوو، بەداخەوە کوردەکەمان عەرەبیشی باش نەدەزانی، زۆر بێئەدەبانە، بە غروورێکی دوور لە هەموو لۆژیکێک، دەیگوت کورد چنە و کێنە؟ قسەی مرۆڤێکی وەها هیچ بەهایەکی نییە، بەڵام ئەمە دەبێتە فەرهەنگێک.
وەڵام بۆ ئەو کەسە و هەموو ئەوانەی وەک ئەو، بیر بکەنەوە، ئێمە گەلی کوردستانین، ئێمە ئەوانەین کە ئێوە 100 ساڵە هەوڵدەدەن نەمانهێڵن، ئێمەتان ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژ کرد، کاتێک قەوماش، ئێوە کەوتنە دەست گەلی کوردستان و ئێمە ئێوەمان حەواندەوە، ئێمە ئەوەین. گۆتیە ئەو کوردە، ئێمە خاوەنی دیرۆکی دە هەزار ساڵ و خاوەنی شارستانیی سۆمەرینە، بەڵام ئایا ئەو شارستانییە ئەوەیە کە ئێستا مافیا حوکم دەکات. ئێوە نەوەی پێغەمبەرتان هێنا و سەرتان بڕی، خۆ کورد سەری نەوەی پێغەمبەری نەبڕی.
ئێمە ئەوەین کە پێشمەرگەی قارەمان مەزنترین ڕێکخراوی تیرۆریستی تێکشکاند و ناوبانگی گەیشتە زۆر شوێنی جیهان، ئێمە دەزانین زۆر برای ئێمەی عەرەب کە خاوەن ویژدانن، لەگەڵ ئەو بۆچوون و فەرهەنگەدا نین، ئەوە فەرهەنگی سکبرسییەکانی دوێنێ و تێرەکانی ئەمڕۆن.
ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین، زۆریش پێمان ناخۆشە دڵۆپە خوێنێکی یەک کەس بڕژێت، بەڵام پەیامێک بۆ هەموو لایەک، ئەوەی بیەوێت بە زۆر هەڕەشە لە گەلی کوردستان بکات، ئەوە مەیدان با خۆیان تاقی بکەنەوە.
خوشک و برایان
ئێمە دوو ڕێگەمان لەبەردەمە، یان ژێردەستی، یان سەربەخۆبوون. خوێنی ئەو ڕۆڵانەی هاتنە ڕژان، مافی 10 سەربەخۆبوونی هەیە نەک یەکێک، ئەو زەحمەتییەی گەلی کوردستان کێشای، ئەو ماندووبوونەی پێشمەرگە بینی، مافی 10 سەربەخۆبوونی هەیە. بۆیە باوەڕم وایە هیچ کەسێکی خاوەن غیرەت، ژێردەستی قەبوڵ ناکات.
خوشک و برایان
نابێت داواکردنی مافی ئێمە، فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێمە تێک بدات، پێویستە ئێمە لەسەر برایەتیی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن بەردەوام بێت، دەبێ لەسەر ئازادیی ئایینی و مەزهەبی بەردەوام بین. نابێت بەهیچ شێوەیەک نە بێڕێزی بەرامبەر کەس بکرێت، نە ئاڵای کەس بسووتێنرێت، سووتاندنی ئاڵا ڕەفتارێکی خراپە و دوورە لە ڕەوشت و ڕەفتاری ئێمە، تکاتان لێ دەکەم خۆتان لەو کارانە بە دوور بگرن.
لەگەڵ دراوسێکاندا ئەوە 25 ساڵە ئێمە سەلماندمان کە دۆستین و هۆکاری ئەمن و ئاسایش و سەقامگیرین بۆ خۆمان و ئەوان.
ئیرادەتان بەهێز بێت، هیچ گومانتان نەبێت، ئایندە بۆ ئێمەیە. تەنیا ئیرادەی ئێوە زاخۆی دەلال بەقەد هەموو کوردستان هەیە.
لە کۆتاییدا ئاماژە بە شیعرێکی زانای مەزن مەلای جزیری دەدەم:
پشتی نادین دوو ھەزار خەنجەر و تیر و ڕم و خشت
مە سەری دانیە رێ و ب خوەدێ بەستیە پشت
ئێمە پشتمان بە ئێوە بەستووە.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان
سڵاو بۆ پێشمەرگەی قارەمان
سڵاو بۆ جەماوەری خۆشەویست و ئازیزی زاخۆی دڵ و ڕۆح.
هەر بژی کورد و کوردستان
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.