Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 01:23

په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ ره‌وه‌ندی کوردی له‌ سوید

سه‌رۆك بارزانی بۆ كوردانی تاراوگه‌ ده‌نگ به‌ سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌كه‌تان بده‌ن
کوردستان TV
#4
100%

به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی ئاراسته‌ی گردبوونه‌وه‌ی پشتگیریی ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ سوید كردووه‌، كه‌ له‌ ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌زاران كه‌س به‌رێوه‌چوو.

په‌یامه‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووان خوێنرایه‌وه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاس خۆی ئاراسته‌كردوون و رایگه‌یاندووه‌: ئاماده‌بوونی ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ وڵاتی سویدی، له‌و مه‌راسیمه‌دا، پشتگه‌رمی و ئومێد و هێزێكی زۆرمان پێده‌به‌خشێ.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان دوای سه‌د ساڵ ئه‌زموونی تاڵ و پڕ نه‌هامه‌تی و پاش شكستهێنانی شه‌راكه‌ت و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ پێكهێنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ و ئازاد، بڕیاریداوه‌ به‌ شێوازی ئاشتیانه‌ رێگه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت و ببیته‌ خاوه‌نی چاره‌نووسی خۆی.

سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: ئه‌و بریاره‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكۆك نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌. بڕیاری ریفراندۆم بڕیارێكه‌ له‌ پێناو چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی و ئاشتی و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ كه‌ به‌ زوڵم له‌ گه‌له‌كه‌مان زه‌وتكراوه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ ره‌وه‌ندی كوردی له‌ سوید، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌: ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس و هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تی كوردستان، ده‌وڵه‌تێكی ئاشتیخواز ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی دانیشتوانی كوردستان پێكه‌وه‌ ده‌نرێت و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ت و بوژانه‌وه‌ بۆ كۆی ناوچه‌كه‌".

سه‌رۆك بارزانی له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت بڕیاری ریفراندۆم بڕیاریكه‌ بۆ دیاریكردنی چاره‌نوس و بڕیارێكه‌ بۆ گه‌لی كوردستان و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ له‌سه‌ر دراوسێكان و گه‌لانی ناوچه‌كه‌. گه‌لی كوردستان چاوی له‌ خاكی كه‌س نییه‌ و دوای قوربانیدانێكی زۆر، ده‌یه‌وێت به‌ ئاشتی و ئاسووده‌یی بژی و فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی قوڵتر بكات. ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیان و هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ر و پره‌نسیپه‌كانی سه‌رده‌م و فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و مێژووی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی خه‌ڵكی كوردستان بنیات ده‌نرێت".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌ ئه‌م رووداوه‌ مه‌زنه‌ وه‌ڵامێكی شایسته‌ ده‌بێت بۆ قوربانیانی گه‌ل و وه‌فایه‌ك بۆ شه‌هیدان، گه‌لێك بۆ ماوه‌ی سه‌د ساڵ له‌ پێناو ئازادیدا خه‌باتی كردبیت و تووشی كاره‌سات و جینۆساید و ئه‌نفال هاتبێت، ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت و خاوه‌ن ئیراده‌ و چاره‌نووسی خۆی بێت.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا تیشكی خستووه‌سه‌ر چیرۆكه‌كانی ژیانی تاكه‌كانی كورد له‌ تاراوگه‌ و گوتوویه‌تی: "چیرۆكی ژیانی هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ی سه‌ربه‌رز له‌ وڵاتی سوید و هه‌نده‌ران، چیرۆكی ئاواره‌یی و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتوون، ئێستا ده‌رفه‌ته‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ماف و ساڕێژكردنی برینه‌كان و حه‌سانه‌وه‌، ده‌رفه‌ته‌ بۆ پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان و ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی.

بارزانی داوای له‌ كوردانی تاراوگه‌ كردووه‌ كه‌ ، ده‌نگ به‌ سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌كه‌تان بده‌ن، ده‌نگی ئێوه‌ هه‌وێنی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ و ئازاده‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، ده‌نگی ئێوه‌ ده‌نگی ئاشتی و پێشكه‌وتنی گه‌لی كوردستانه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.