Erbil 38°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 00:41

کۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌:سەربەخۆیی بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەسانی هەڵەبجەیە

سەربەخۆیی بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەسانی هەڵەبجەیە
هه‌ڵه‌بجه‌
کوردستان TV
100%

 

كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ پشتیوانیی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كات و داوا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌كات، بۆ ئەوەی جارێكی تر هه‌ڵه‌بجه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگ بده‌ن به‌ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، چونكه‌ له‌ نه‌بوونی وڵات هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له‌ لایه‌ن ڕژێمی دیكتاتۆری عێراقەوە تووشی قڕكردن بوونه‌وه‌.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ''ئێمه،‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێین، (به‌ڵێ) بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، چونكه‌ ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌ هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تەوە كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌سه‌ردا هێناین، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ده‌بێ ببینه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان.''

عه‌بدولقادر گوتی: ''ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یی (5000) هه‌زار جار ده‌ڵێین (به‌ڵێ) بۆ ڕێفراندۆم، چونكه‌ به ‌هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه‌ نه‌مانتوانیوه‌ كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌جینۆساید بناسێنین، كێشه‌ی چاره‌سه‌ری به‌ركه‌وتوانی كیمیاباران وه‌ك پێویست بكه‌ین و، نه‌مانتوانیوه‌  منداڵانی ونبووی ڕۆژی ڕه‌شی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بدۆزینه‌وه. بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ كلیلی چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان بوونی دەوڵەتی كوردستانه. بۆیه‌ داوا له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی دەکەین، ڕۆژی 25ی ئه‌یلوول بڕۆنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و به ‌به‌ڵێ ده‌نگ بده‌ن به‌ سەربەخۆیی.''

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ گوتیشی: ''وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ دوو جار به‌فه‌رمی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق دانیشتوین بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاویی حكوومه‌تی عێراق، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه و ئاماده‌ نین‌ هیچ قه‌ره‌بوویەكی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بكەنه‌وه‌، به‌ڵام ئامادەن‌ قه‌ره‌بووی وڵاتی كوێت بكەنه‌وه‌، بۆیه‌ حكوومه‌ته‌كانی عێراق هیچ جیاوازییەكیان نییه‌ بۆ گه‌له‌كه‌مان.''

حیكمه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی، ئه‌ندامی باڵای كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیان و خاوه‌نی 10 شه‌هیدی كیمیاباران، به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ''له ‌نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی جینۆسایدداین‌، بینیمان چۆن له‌ ساڵی 2014دا له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشەوە كوردانی ئێزدی جینۆساید كران، ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن ڕۆژگار گۆڕاوه،‌ وا نییه‌، ساڵی 1988 كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ كرا، خۆ جینۆسایدی كوردانی ئێزدی ساڵی 2014 بوو، بۆیه‌ له ‌نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت، هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانداین.''

گوتیشی: ''ئێمه وه‌ك كه‌سوكاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕۆژی ٢5ی ئه‌یلوول به‌ به‌ڵێ ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌ده‌ین.''

گوتیشی: ''تا ئێستایش ده‌یان هاووڵاتی هه‌ڵه‌بجه‌یی، كه‌ له‌ كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجەدا‌ له‌ خێزانه‌كانیان دابڕاون، نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ و چاره‌نووسیان دیار نییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت ئه‌وكاره‌ساتانه‌ به‌سه‌رماندا دووباره ‌نه‌بنه‌وه، ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵمان بخه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان.''

ڕۆژی 16-3-1988 ڕژێمی (سه‌ددام حسێن) شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیاباران كرد، له‌ ئه‌نجامدا (5000) هه‌زار شه‌هید و (10000) هه‌زار برینداری لێ کەوتەوە و به‌ سه‌دان منداڵ له‌ خێزانه‌كانیان دابڕان و ئێسته‌ش ده‌یان خێزان چاوه‌ڕێی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وه‌كانیانن و، به‌ سه‌دانیش به‌ ده‌م ئازاری كاریگه‌ریی چه‌كی كیمیاوییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.