شەش پارت و لایەنی سیاسی لە ئاکرێ و بەردەڕەش لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ پاڵپشتیی ڕێفراندۆم پێکهێنا.
شەش پارت و لایەنی سیاسی لە ئاكرێ و بەردەڕەش لیژنەیەكیان بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم پێكهێنا و پشتگیریی خۆیان بۆ پرۆسەکە دەربڕی و بڕیاریان دا، پێكەوە بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم بكەن.
موسلیح ڕەجەب، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاركرد كه ئەمڕۆ 6 لایەنی سیاسی لەسەر ئاستی قەزای ئاكرێ كۆ بووینەوە، هەر شەش لایەنەكە بڕیارمان دا، بانگەشەی ڕیفراندۆم بکەین و زیاتر پەرەی پێ بدەین و پشتگیریی خۆیشمان بۆ ئەو پرۆسەیە دەربڕی، كە چارەنووسی ئێمە، وەكو گەلی كورد دیاری دەكات.''
موسلیح ڕەجەب گوتیشی: ''ئەو كۆبوونەوەیە لە نێوان حزبەكانی پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو، سۆشیالیست، حزبی شیوعی و پارتی پارێزگارانی كوردستاندا بەڕێوە چوو. ئێمە لیژنەیەكمان پێكهێناوە و سەردانی هەموو ناوچەكان دەكەین، كۆڕ و سیمینار و ئاهەنگ دەكەین و خەڵكی خۆمان هان دەدەین، كە لە ڕۆژی 25/9دا بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
موسلیح ڕەجەب ئاماژەی بەوەش كرد: ''ئێمە وەكو حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لەو پرۆسەیە دەكەین. وەک ئەو بڕیارەی (سەرۆك بارزانی) لە كاتی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە دەڤەری بادینان ڕایگەیاند، كە ڕیفراندۆم دوا ناخەین و لە كاتی خۆیدا ئەنجامی دەدەین، بەڵێ دەبێ ئێمە ڕیفراندۆم لە كاتی خۆیدا بكەین و نابێ دوای بخەین، چونكە ئەگەر 100 ساڵی دیكە لەگەڵ عێراق بین، بە مافەكانی خۆمان ناگەین.''
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.