Erbil 38°C شەممە 04 کانوونی دووەم 07:54

سه‌رۆک بارزانی: داوا له‌ دراوسێکان ده‌که‌ین به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌که‌ن، چونکه‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ که‌س قبووڵ ناکه‌ین

سه‌رۆك بارزانی: تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە
کوردستان TV
#6
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 2017/9/19 له‌ یاریگای تۆپی پێ له‌ شاری سۆران به‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆری ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، کەرنەڤاڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، به‌رێوه‌چوو.

به‌رێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە شاری سۆران، گوتارێکی پێشکەش کردو رایگەیاند: ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستان و ھی ھەموو حزبە تێکۆشەر و خەباتگێرەکانە، بڕیارێکی بوێرانە بوو، دەستخۆشیان لێ دەکەم، ئەمە بڕیاری تاکە حزبێک نییە و ھی ھەموومانە، خەڵکی کوردستان سوورە لەسەر ریفراندۆم.

سه‌رۆك بارزانی، جەختیشی لەوە کردەوە: بۆیە بڕیاری ریفراندۆم درا، چونکە ھیچ رێگایەکی دیکەمان لەبەر نەماوە، ھەموو رێگاکانمان تاقی کردەوە، لەگەڵ فەرھەنگێک دەژین، بڕوایان بە پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ کردن نییە، ھەموو ھەوڵێکمان دا، بۆئەوەی بگەینە چارەسەرێک.

سه‌رۆك بارزانی گوتی: لێره‌وه‌ داوا له‌ دراوسێكانمان ده‌كه‌ین به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن، چونكه‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كه‌س قبووڵ ناكه‌ین با بێن هه‌موو كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ یان دابنیشن.

سه‌رۆك بارزانی، داواشی لە ئامادەبووان کرد کە لە بۆنەکان و کەرنەڤاڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە و تەنیا وێنەی شەھید و ئەنفال بڵاو بکەوە، وێنەی کەسی بڵاو مەکەنەوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بۆیە ئەو بڕیارەمان دا، چونکە چارەسەر نما، تەوافوق نەما، بودجە نەما، پەرلەمانی عێراق بە دوو کاتژمێر یاسای حەشدی شەعبییان تێپەڕاند، بەڵام دوو ساڵ یاسای پێشمەرگەیان تێنەپەڕاند، بڕینی بودجەش ئەنفالێکی تر بوو.

راشیگه‌یاند، ساڵێك پێش ئێستا به‌ شاندێكی گه‌وره‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدامان كرد و پێمان راگه‌یاندن شه‌راكه‌ت شكستیهێنا و وه‌رن با بوێری ئه‌وه‌مان هه‌بێت ببینه‌ دوو دراوسێی باش.

بارزانی له‌ گوته‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌ دوو هه‌ڵه‌كرد، كه‌ دوای 2003 كراون و رایگه‌یاند،هه‌ڵه‌مان كرد له‌ 2003 چووینه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام به‌ نیه‌تێكی پاك و دڵی سافه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام قه‌بووڵ نه‌كرا، ئێستا ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین یه‌كپارچه‌یی عێراق تێكده‌ده‌ین، ئه‌وان خۆیان ئه‌و كاره‌یان كرد.

گوتیشی، گفتوگۆی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌زیرێكمان بۆ بگێڕنه‌وه‌، یاخود به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی دابمه‌زرێنن.

بارزانی راشیگه‌یاند، ریفراندۆم كۆتایی دنیا نییه‌، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكه‌ ره‌خساوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ ته‌عبیر له‌ رای خۆی بكات، دوای ریفراندۆمیش داده‌نیشین و گفتوگۆ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر شه‌راكه‌ت شكستی هێنا، دراوسێیه‌تییه‌كی باش بنیات ده‌نێین، به‌ڵام ئینكاركردن و رێگریكردن له‌ ته‌عبیركردنی رای كوردستان، سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ و قه‌بووڵ ناكریت.

بارزانی نموونه‌ی به‌ ساڵێ 1991 و كاتی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ كرد، كه‌ 3 فه‌یله‌قی سوپای عیراق خۆیان راده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ری كوردستان كرد و به‌بێ هیچ زوڵمێك راده‌ستی كه‌سوكاره‌كانییان كرانه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی كێشه‌ی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا نییه‌، كورد و عه‌ره‌ب و تورك و كلدان و ئاشوور، هه‌موو برای یه‌كن و هه‌مووان ئازادن و مافی هه‌موو ئه‌و پیكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیانه‌ پارێزراو ده‌بێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند، بیرمان له‌ توندوتیژی و به‌كارهێنانی هێز له‌ دژی هیچ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌عه‌داشمان لێبكرێت، مافی هه‌موو به‌رگرییه‌كمان ده‌بێت.

له‌ باره‌ی شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌وه‌ی پێشنیاز كراوه‌، ده‌بێت ده‌وڵه‌تی فیدراڵی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانی بێت و مافی ته‌واوی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان بپارێزرێت.

لەکاتی بەشداری لە کەرنەڤاڵی سۆران بۆ پشتیوانی ریفراندۆم، سه‌رۆك بارزانی گوتی، تاوەکو دوو بۆ سێ رۆژی دیکەش چاوەڕوانی ئەو بەدیلی ریفراندۆم دەکەین کە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باسی دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو بەدیلە نەبێ، ریفراندۆم دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.