Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:50

سه‌رۆک بارزانی: سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتیە

بڕیاربوو لە عێراق دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی دروست بکرێت، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتێکی دینیی مەزھەبی لە عێراقدا حاکمە
serok barzani _ slymani
کوردستان TV
#4
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، 2017/9/20 له‌ یاریگای تۆپی پێ له‌ شاری سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر، کەرنەڤاڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، به‌رێوه‌چوو.

سه‌رۆك بارزانی سلێمانی بە شاری کوردایەتیی و هەمیشە پێشەنگە لە خەبات و تێکۆشان ناوبرد و گوتی: شانازییە بۆ من لە شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیریی و کوردایەتییەوە بڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

لەبارەی ریفراندۆمیشه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی گوتی: ریفراندۆم ئەمڕۆ بابەتی سەرەکییە، بووەتە ئەجێندای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبینن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس باسی کوردستانە، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و ئەنجامی یەکڕیزیی و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمانە، ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە، بڕیاری یەک حیزب و دوو حیزب نییە.

له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی شاری سلێمانی، به‌رێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

خوشک و برایانی خۆشەویست

جەماوەری شاری شێخ مەحموود و نالی و پیرەمێرد و بێکەس و مەحوی و سالم

شاری ھەڵمەت و قوربانی

پایتەختی ڕۆشنبیری

چ ڕۆژێک لەم ڕۆژە خۆشترە بۆ من
چ شانازییەک لەوە گەورەترە کە ئیمڕۆ لەم شارە خۆشەویستە، بەم شێوەیە پێکەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بڵێین (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان.


من ھەمیشە دڵنیا بووم کە سلێمانی ھەمیشە پێشەنگە لە خەبات و تێکۆشان، لە ساڵی 1925 لە ساڵی 1930 لە ساڵی 1963 تەحەدای سدیق مستەفایان کرد. گەنجانی سلێمانی مەردانە لەبەردەم سدیق مستەفا وەستان و مردنیان ھەڵبژارد، بەڵام قەبوڵیان نەکرد لەبەرچاوی دوژمنێک سووکایەتی بە وێنەی مەلا مستەفا بارزانی بکرێت.

سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتیە، لە ساڵی 1943 بارزانی لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بۆ ناوچەی بارزان، بە ھاوکاری و پشتیوانی شێخی نەمر، مەلیکی گەورەمان شێخ مەحموود.

من دڵنیام ئیمڕۆش ئێوە پێشەنگ دەبن کە لە 25ی مانگ بڵێن (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی. من دڵنیام سلێمانی قەت قەبوڵ ناکات نە مەحکوومی کەس بێت و نە سوغرەکێشی کەس بێت.

بەڕێزان، بابەتی ڕیفراندۆم ئیمڕۆ بابەتی سەرەکییە، بۆتە ئەجێندای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبینن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس باسی ھەرێم و کوردستانە.

ئەمە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە، ڕەنجی ئێوەیە. ئەمە ئەنجامی یەکڕیزیی خۆمان و ئیرادەی بەھێزی گەلەکەمانە. ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە، بڕیاری یەک حزب و دوو حزب و سێ حزب نییە، بەڵام بۆ ئەم بڕیارە درا؟

بۆیە ئەم بڕیارە درا چونکە بەغدا شەراکەتی نەھێشت، دەستووری پێشێل کرد، ئیمڕۆ کە باسی ئەو دەستوورە دەکەن، ھەر ئەو دەستوورە ڕێگەی پێمان داوە ڕیفراندۆم بکەین. لە دیباجەی دەستوورەکەیاندا ھاتووە: پابەندبوون بەم دەستوورە یەکێتیی ئارەزوومەندانەی عێراق دەپارێزێت. ئێمە لە دوای 2003 بە ئارەزووی خۆمان چووینەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی عێراقێکی فیدراڵیی دیموکراتیی و دەوڵەتێکی مەدەنی دروست بکەین، بەڵام بەداخەوە ھیچ پابەندییەکیان بەو ھەموو ڕێککەوتنانە نەکرد، پابەندییان بە دەستوور نەکرد، بۆیە گەلی کوردستان ناچار بوو بڕیاریتر بدات.

بڕیاربوو لە عێراق دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی دروست بکرێت، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتێکی دینیی مەزھەبی لە عێراقدا حاکمە، ئەمە ناگونجێت لەگەڵ ئەو بنەمایانەی ئێمە لەسەری ڕێک کەوتبووین.

خەڵکێک دەیانگوت ڕیفراندۆم ڕای دوو حزب و سێ حزبە و ھی ھەموو کوردستان نییە، سەرەتا وایان تەسەور دەکرد وەک کارتی فشارە، بۆیە زۆر گرنگییان پێ نەدا، ئەگینا زۆر لەمێژە ئەم بابەتە باس دەکرێ، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش. ساڵی ڕابردوو کە شاندێکی گەورە چووینە بەغدا، گوتمان با ببینە دراوسێی باش لەگەڵ یەکتر، ئەوکاتە ڕایان زۆر نەرم بوو، بەڵام ھەندێکیان تووشی وەھم بوون و وایانزانی لەناوخۆمان تەبا نین و دووبەرەکی دروست دەبێت، بەڵام ھەموو لایەک بە ھەڵەدا چوون، زانییان جەماوەری کوردستان بۆ پرسە نەتەوەییەکە و بۆ سەربەخۆیی، ھەموومان یەکین و یەکحزب و یەک دەنگین. ئیمڕۆ ھەموومان لە ژێر چەتری حزبی کوردستانین.

 
ئێستاش بینییان یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هەیە و پەرلەمان کارا کرایەوە، هیچ بەهانەیەک نەمایەوە، نیەتی هەموو لایەک دەرکەوت، بەغداش بینییان کە هەڵوێستی نێودەوڵەتی تۆزێک توندتر بووە، ئەوانیش تەشجیع بوون کە هەموو پێشنیازێک ڕەت بکەنەوە، ئەگینا ڕیفراندۆم ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆز کە ئەویش سەربەخۆییە.

هەمیشە کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم باس لەوە کراوە ئەگەر بەدیلێکی باشتر لە ڕیفراندۆم هەبێ، گەلی کوردستان قەبوڵی دەکات، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو بەدیلە بەدەست نەهاتووە.

ریفراندۆم هەنگاوێکی ئاسایی و یاساییە، تاوانێک نییە گەلێکی غەدرلێکراو داوای سەربەخۆیی دەکات پاش 100 چەوسانەوە و زوڵم کە لێی کراوە. ئێمە پێمانوایە ڕەنگە زۆریان بەهەڵە تێگەیشتبن، ڕیفراندۆم کۆتایی دونیا نییە و بڕیاری گەلی کوردستانیش نییە کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت، بەڵام نابێ ڕێگە لە گەلی کوردستان بگیرێت کە نەتوانێ تەعبیر لە ڕای خۆی بکات.

ئامادەین دوای ڕیفراندۆم بکەوینە گفتوگۆی جددی و ڕاستگۆیانە و ڕاستییانە لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەگەر کاتیشی پێویست بێ ساڵێک ئەوپەڕی دووساڵ دەتوانین لەو ماوەیەدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، ئینجا بە خۆشی بڵێین خواحافیز، 100 ساڵە داواتان لێ دەکەین شەریک و برا بین، ئێوە قەبوڵتان نەکرد، ئێستاش با دراوسێی یەکترین و برا و دۆست و عومقی ئێوەین و ئێوەش عومقی ئێمە بن. بەڵام قەبوڵ نەکردنی ڕاپرسی بەڕاستی مانایەکی زۆری هەیە، یەعنی ئینکاری لە مافی تۆ دەکەن. ئێمە دەمانەوێ جارێکیتر گەلی کوردستان ئەنفال و کیمیاباران نەکرێ، جارێکیتر هەڵەبجە و غەیری هەڵەبجە شەهید نەکرێ. قەت نابێ ئەو دیمەنانە لەبیر بکەین کە دایک بەسەر منداڵەکەیدا کەوتووە و بە ژەهری کیمیاوی شەهید بوون، نابێ لەم وڵاتەدا ئەم دیمەنانە دووبارە ببنەوە.

جەماوەری خۆڕاگر و تێکۆشەری سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، ئێمە لە ٢٠٠٣ هەڵەیەکی گەورەمان کرد کە گەڕاینەوە بۆ بەغدا، ئێمە وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆمان هەبوو، بەڵام بە نیەتێکی پاک گەڕاینەوە کە عێراقێکی فیدرالی دیموکرات دروست بکەین، بەڵام بەداخەوە تەنها دەموچاو لە بەغدا گۆڕاون، ئەگینا فەرهەنگ فەرهەنگی قەبوڵنەکردنی لایەنیتر، هەمان فەرهەنگە.

خوشک و برایانی بەڕێز

خوێنی لاوانی ئەم گەلە، ڕەنجی ئەم گەلە، هەر لە دەسپێکی سەدەی ڕابردوو و سەدەی پێش سەدەی ڕابردووش، بۆ سەربەخۆیی بووە، سەید عوبەیدوڵای نەهری، شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد بارزانی، سەرجەم کەڵە پیاوانی کورد بۆ سەربەخۆیی خەباتیان کردووە و ئەم ڕێگەیە ئەوان نەخشاندوویانە.

خۆزگە ئێستا برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال، تەندرووستی ڕێگەی دابا پێکەوە ئەم ئەرکەمان هەڵگرتبا کە زۆر ئاسانتر و سەرکەوتووتر دەبوو. لێرەوە سڵاوی بۆ دەنێرم، تەمەننای شیفای بۆ دەکەم و پێی دەڵێم، قەت برایەتیت و ڕۆڵی گەورەت لەبیر ناکرێ، برای خۆشەویستم سەرۆک مام جەلال.

هەموومان لە یەک پاپۆڕ داین، ڕاستە جیاوازییە سیاسییەکان زۆر زۆر ئاساییە و زۆریش خۆشە، ئەگەر بۆ ئەوە بێت کامە زیاتر و باشتر خزمەتی گەلەکەی بکات، بەڵام نەک بۆ ملشکاندنی یەکتری یان ڕێگە خۆشکردن بۆ دوژمنان تا دەست دروست بکەن و لە پشتەوە خەنجەری خۆیان لێمان بدەن.

ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزی و برایەتی هەیە. کوردستان بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانە.

لە کۆتاییدا یەک دونیا سوپاسی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەکەم، هەمیشە بیروباوەڕم بە کورد و کوردستان بەهێز بووە، بەڵام بەڕاستی ئیمڕۆ بیروباوەڕەکەی منتان ئەوەندەیتر بەهێز کرد. ئەوەندەیتر مەعنەوییاتی ئێمەتان بەرز کردەوە. ئەم گردبوونەوەی ئێوە ئەو جەماوەرە پیرۆزە، خوا بتان پارێزێت، پەیامێکی هێندە بەهێزە بۆ ناوەوە و بۆ دەرەوە، ئیشەڵا سەروەریی سەربەخۆیی کوردستان بەشی زۆری بەر ئێوە دەکەوێت. بە ڕاستی من ئەمە بە ڕیفراندۆم دەزانم، ئەمە ڕیفراندۆمە، ئێوە ڕیفراندۆمتان ئەنجام دا و تەواوتان کرد. ئەمە لوتکەیە، وەک عەرەب گوتەنی، تەرویجی ڕیفراندۆمتان کرد جەماوەری خۆڕاگری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی داعش بەزێن، کە سەلماندیان پێشمەرگەی کوردستانن لە شەڕی داعش، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گەلی کوردستان کە پێشمەرگە لە سەنگەردا پێکەوە شەهید دەبوون، جاران دەیانگوت ئەمانە پێشمەرگەی فڵان حزبن، خۆم شایەتم لە شەڕی زوممار حەوت پێشمەرگە پێکەوە لە یەک سەنگەردا شەهید بوون و پارچە گۆشتیان تێکەڵ بوو.

سڵاوی گەرم بۆ ئێوەی خۆشەویست، دەست و چاوی هەمووتان ماچ دەکەم، یەک دونیا سوپاستان دەکەم. سەری ئێمەتان بەرز کردەوە و ئومێدێکی زۆرتان بە ئێمە دا. بەڕاستی سەلماندتان کە شاری هەڵمەت و قوربانین. ئومێدمان پێتان زۆرە، خوا بتانپارێزێت.

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان - سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.