Erbil 38°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 21:42

وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا: تورکیا مه‌ترسى بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان نابێت

توركیا مه‌ترسى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان نابێت
کوردستان TV
100%

یه‌شار یاكش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی توركیا، پێیوایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدات، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توركیا ده‌رگه‌ی شه‌ڕیان به‌رووی دا ناكاته‌وه‌ و هیچ مه‌ترسیشی له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان نابێت.

یه‌شار له‌ دیمانه‌یه‌كدا بۆ ماڵپەڕی (تی 24) ئاشكرای كرد، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر هه‌ندێ كاربه‌ده‌ستى توركیا وتبوویان ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێ، ده‌بێته‌ هۆكاری شه‌ڕو ئالۆزى له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام حكوومه‌تی توركیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ هێزو شه‌ڕ كردن ناكاته‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان سوودمه‌ند بووه‌، به‌ تایبه‌ت به‌ رووى ئابوورى و بازرگانییه‌وه‌ .

باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربگرێ و ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌یه‌نن، سه‌رۆك بارزانی ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ مێژووییه‌كان كه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی ناوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، یه‌شار یاكش باس له‌ كه‌ركووك ده‌كات و ده‌ڵێ "هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت كه‌ركووكیش به‌ ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه‌ بلكێنێ، بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر هه‌ستیاره‌، دوای ریفراندۆم ئه‌وه‌ی زۆرترین قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كرێت و كێشه‌ی بۆ دێته‌ پیش، كه‌ركووكه‌".

یه‌شار یاكش یه‌كه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاكپارتی بووه‌ له‌ ساڵی 2003.

كوردستان تیڤى/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.