نوێنهرى حكومهتى ههرێمى كوردستان له برۆكسل دلاوهر ئاژگهيى رايگهياند، لە پێشهاتێکی گرنگدا لە برۆکسلی پایتەختی سیاسی ئەوروپا، ئهمڕۆ چوارشەممە 20ى ئهيلوول/ سێپتێمبهرى 2017، 33 پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا کە هەموویان ئەندامی (گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا)ن، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ ''خواستی خەڵکی کوردستان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و رێکخستنی ریفراندۆم'' دەرخست.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە مێژووی کورد لە یەک سەدە لە نەهامەتی و چەوسانەوە لە سەر دەستی رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق کراوە و هەروەها هاتووە کە ''خەڵکی کوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە کە ئەوەش لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا چەسپاوە''.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا پەرلەمانتارانی ئەوروپی ئاماژە بە ئەزموونی کوردستان لە خۆبەڕێوەبەری دەکەن و دەڵێن '' لە دەیەی رابردوودا کوردەکان لە عێراق مۆدێلێکی سیاسیان پەیڕەوکرد کە تێیدا مافی تێکڕای پێکهاتەکان و هەروەها یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەستەبەرکراوە''.
جگە لەوەش پەرلەمانتاران ئاماژە بە رۆڵی کورد دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا و نووسيويانه: ''کوردەکان بە خوێن و ماڵ قوربانیان دا'' و کوردستان 1.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و سوریای لەخۆگرتووە.
پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا هەروەها دەڵێن ئێمە دڵنیاین کە کوردستانێکی بەهێز و دیموکراتی بنکە فراوان، دەبێتە فاکتەری سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆتایى بهياننامهكهياندا پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە لایەنی جێبەجێکار لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن کە ستراتیژێکی نوێ بەرامبەر عێراق دابڕێژێ کە بگونجێ لەگەڵ واقیعی نوێی عێراقدا.
33 پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی ئەوروپا هەروەها داوا دەکەن کە جگە لە جەختکردنەوە لە یەکێتیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کە هەمیشە لە بەیاننامە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەوروپادا بڵاودەبنەوە، یەکێتتی ئەوروپا هاوکات ئاماژە بە خواستی رەوای خەڵکی کوردستان بکات و رێز لەو خواستە بگرێ.
لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو بەیاننامەیەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له برۆكسل رایگەیاند، ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکی گونجاودا دێ و پشتگیرییەکی روونی ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکڕای فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپایە.
گوتيشى: بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکدا دێ کە ئەمڕۆ فێدریکا مۆگرینی نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا دیسان ئاماژە بە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردبۆوە.
ئاماژهشى بۆ ئهوه كرد، بەیاننامەکەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی وەڵامێکە و دەرخەری ئەو راستییەیە کە لە ناو سیستەمی یەکێتیی ئەوروپادا دەنگی پشتگیر لە تێکڕای وڵاتانی ئەندامەوە بۆ ريفراندۆمى سەربەخۆیی کوردستان هەیە.
جێى ئاماژهيه، گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆتایی ساڵی 2014 راگەیەندرا و لە ئێستادا 33 پەرلەمانتار لە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، کە خەڵکی 20 وڵاتی جیاوازن لە یەکێتیی ئەوروپا، تێیدا ئەندامن.
كوردستان تیڤى/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.