Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:53

33 پەرلەمانتاری ئەورووپا پشتگیرییان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند

کورد لە یەک سەدە لە نەهامەتی و چەوسانەوە لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق کراوە
کوردستان TV
#4
100%

لە پێشهاتێکی گرنگدا لە (برۆکسل)ی پایتەختی سیاسیی ئەوروپا، ئەمڕۆ چوارشەممە 33 پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەورووپا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ خواستی خەڵکی کوردستان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ڕێکخستنی ریفراندۆم دەرخست.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە مێژووی کورد لە یەک سەدە لە نەهامەتی و چەوسانەوە لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق کراوە و هەروەها هاتووە کە خەڵکی کوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە کە ئەوەش لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپاوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئەو پەرلەمانتارانەی ئەوروپا كە هەموویان ئەندامی (گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا)ن، ئاماژە بە ئەزموونی کوردستان لە خۆبەڕێوەبەری دەکەن و دەڵێن: لە دەیەی ڕابردوودا کوردەکان لە عێراق مۆدێلێکی سیاسییان پەیڕەو کرد، کە تێیدا مافی تێکڕای پێکهاتەکان و هەروەها یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەستەبەر کراوە.

جگە لەوەش پەرلەمانتاران ئاماژە بە ڕۆڵی کورد دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا و ڕایدەگەیەنن کە ''کوردەکان بە خوێن و ماڵ قوربانیان دا'' و کوردستان 1.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و سوریای لەخۆ گرتووە. پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا هەروەها دەڵێن ئێمە دڵنیاین کە کوردستانێکی بەهێز و دیموکراتی بنکەفراوان، دەبێتە فاکتەری سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆتاییدا پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە لایەنی جێبەجێکار لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن کە ستراتیژێکی نوێ بەرامبەر عێراق دابڕێژێ کە بگونجێ لەگەڵ واقیعی نوێی عێراقدا.

33 پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی ئەوروپا هەروەها داوا دەکەن کە جگە لە جەختکردنەوە لە یەکێتیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کە هەمیشە لە بەیاننامە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەوروپادا بڵاودەبنەوە، یەکێتتی ئەوروپا هاوکات ئاماژە بە خواستی ڕەوای خەڵکی کوردستان بکات و ڕیز لەو خواستە بگرێ.

لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو بەیاننامەیەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆی نەشاردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکی گونجاودا دێ و پشتگیرییەکی ڕوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکڕای فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپایە.

لە درێژەی وتەکەیدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکدا دێ کە پێشتر ئەمڕۆ خاتوو فێدەریکا مۆگەرینی نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا دیسان ئاماژە بە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردبۆوە.

لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی ڕایگەیاند کە بەیاننامەکەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی وەڵامێکە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لە ناو سیستەمی یەکێتیی ئەوروپادا دەنگی پشتگیر لە تێکڕای وڵاتانی ئەندامەوە بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان هەیە.

شایانی باسە گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆتایی ساڵی 2014 ڕاگەیەندرا و لە ئێستادا 33 پەرلەمانتار لە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، کە خەڵکی 20 وڵاتی جیاوازن لە یەکێتیی ئەوروپا، تێیدا ئەندامن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.