Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 15:49

سه‌رۆک بارزانی: پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە دەست کەسەکان نەماوە

سه‌رۆك بارزانی: من ئەو كەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بكەم
serok barzani
کوردستان TV
100%

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا لە بەردەم جەماوەری كوردستان لە كەرنەڤاڵی گەورەی هەولێر بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی، رایگەیاند پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە دەست كەسەكان نەماوە، بەڵكو كەوتووەتە دەست جەماوەر. بارزانی رایگەیاند من ئەو كەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بكەم.

سه‌رۆك بارزانی گوتی "ببوورن دەزانم چەند سەعاتێکە ئێوە لەبەر ئەم گەرمایە لێرە چاوەڕوانن، بەڵام بۆ سەربەخۆیی هەموو فیداکارییەک ئاسانە. سوپاسی ماندووبوونتان دەکەم و دەشزانم هەولێر هەر هەولێرە.

ئەمەی خوارەوەی وتاری سەرۆكی كوردستانه‌:-

ئەمڕۆ کە لێرە کۆبووینەتەوە، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ، بەناوی هەموو گەلی کوردستانەوە بڵێین (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی.

ڕەنگە زۆر کەس ئەو پرسیارە بکەن، بۆ گەلی کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی دا؟

چەند ساڵێکە ئێمە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ئیتر ئێمە لەگەڵ بەغدا ناتوانین چیتر بژین، زۆر هەوڵمان دا، لەگەڵ هەموو لایەنەکان، لەگەڵ خودی بەغدا کە چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتانە بدۆزینەوە کە هەن و پابەندی بە دەستوور بگرێ و وەک ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، شەراکەت قەبووڵ بکەن، بەڵام بە داخەوە، نە شەراکەت و نە دەستوور ما، لەو دەستوورەشدا هاتووە: پابەندبوون بە دەستوور یەکێتیی عێراق دەپارێزێت، ناڵێ یەکپارچەیی، واتە پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە. 

ئێمە واماندەزانی دوای ٢٠٠٣ دەرفەتێکی تازەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق کە عێراقێکی تازە دروست بکەینەوە، خەڵکی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان بینی، ئێمە وامانزانی وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوند، بزرکردنی ١٢ هەزار گەنجی فەیلی، ٨ هەزار بارزانی، ١٨٢ هەزار ئەوانەی لە ١٩٨٨ ئەنفال کران، کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرتاسەری کوردستان، وامانزانی ئەم هەموو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردستاندا هاتوون، ویژدانی جیهانی هەژاندووە و بەغدای تازەش ئەم کارەساتانە بۆ گەلی کوردستان قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە، هەر پاشماوەیەکی زۆر کورت، بۆمان دەرکەوت کە زۆرێک لەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەسەڵاتدارن، نەک هەموویان بەڵام زۆریان، تەنیا دەموچاویان گۆڕاوە، ئەگینا هەڵگری هەمان عەقڵیەتی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانن.

لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ دوای ئەوەی دەستوورێک نووسرایەوە بۆ هەموو عێراق، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، بەڵام گەلی کوردستان لە دەنگدان ئەو دەستوورەی ڕزگار کرد، ئێمە پێی ڕازی بووین، بەڵام بەغدا ئیلتزامی پێ نەکرد، شەراکەت و دەستوور نەما و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرا، دەبووایە چەک و بودجەی پێشمەرگە بەپێی دەستوور بێت، بەڵام یەک فیشەکیان بۆ پێشمەرگە نەنارد. 

بڕینی بودجە کە ئەویش بە شێوەی خۆی ئەنفالێکی تر بوو بەسەر گەلی کوردستانیاندا هێنا، بڕیار بوو دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراتی فیدرالی دروست بکرێ، بەڵام پرسیار لە هەموو کەسێک دەکەم، ئایا ئەمڕۆ دەوڵەتێکی لەو شێوەیە لە عێراق حاکمە یان دەوڵەتێکی مەزهەبی؟

تا ئەمڕۆش، لە کاتێکدا کە پێشمەرگە قارەمانەکان لەوپەڕی ناخۆشی و سەختدا بوون و لە دژی داعش لە شەڕێکی سەختدا بوون، ئەگەر بارێکی فیشەک بۆ پێشمەرگە بهاتایە، دەبووایە بۆ بەغدا بچێت و لەوێ تەفتیشی بکەن و ئەگەر بەغدا ڕازی نەبایە، فیشەکیش نەدەهات، ئەوەیە حاڵمان بەدەست بەغدا.

کاتێک باسی ڕیفراندۆم کرا، نەک لە ڕۆژی ٧ی ٦ ئەو بڕیارە درا، پێشتر لەگەڵ هەموو لایەنەکان زۆر باس کرا و پێمانگوتن بە جددی وەری بگرن و ئێمە بێتاقەت و ماندوو بووین و ناتوانین لەم شێوە پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین، بەڵام بە هەند وەریان نەگرت، وایاندەزانی کارتی فشارە، یان دەیانگوت بۆ دەربازبوونە لە قەیرانی ناوخۆ، کاتێک لە ٧ی حوزەیران ئەو بڕیارە درا کە بڕیارێکی بوێرانە و نیشتمانپەروەرانە بوو کە من جارێکیتر دەستخۆشی لەو حزب و لایەنانە دەکەم کە ئەو بڕیارەیان دا.

ئینجا هەموو لایەنەکانی دەرەوە و لە بەغداش هەندێک، پێیانوابوو لەناوخۆمان دووبەرەکی دروست دەبێ و خۆبەخۆ نایەڵین ئەم پرۆسەیە سەربگرێ، دیسان جارێکیتر بەهەندیان وەرنەگرت و گرنگییان پێ نەدا.

ئەو ڕۆژەی بڕیارەکە درا، ئەو لایەنانەی ئێستا گلەیی دەکەن و هەندێک هەڕەشەمان لێ دەکەن، نەیانپرسی بۆ ئەمەتان کرد، ئەرێ ڕێگەچارەی تر هەیە؟ بەڵام کەوتنە هەڕەشەکردن و داوای نەهێشتنی ڕیفراندۆمیان کرد. 

ئێستاش ڕیفراندۆم لە دەستی من و حزبەکان و هەمووی دەرچووە و کەوتووەتە دەستی ئێوە، پێشان هەڵوێستی نێودەوڵەتی زۆر نەرم بوو، زۆر سەیرە لام کە تائێستاش کەس ناڵێ دژی ڕیفراندۆمین، دەڵێن کاتەکەی گونجاو نییە، بەڵام بەڕاستی ئێمە نازانین ئەوڕۆژەی کە گونجاوە، ڕۆژی بەختی کوردستان کەیە؟ ئەمە ١٠٠ ساڵە ئەو ڕۆژە نەهات. بەغداش بەو هەڵوێستەی دەرەوە تەشجیع بوو، ئەگینا ساڵی ڕابردوو ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە چووینە بەغدا و هەڵوێستی هەموو لایەنەکانی بەغدا زۆر نەرم بوو، ئێستاش بووەتە کێشەی جەماوەر و لەدەست ئەشخاس و ئەحزاب دەرچووە، داوای دواخستنی ڕیفراندۆم لە ئێمە دەکرێ، شەو و ڕۆژ، فشار بەردەوامە، دەشڵێن ڕیفراندۆم دوابخەن، پاشان گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکەن. 

ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو. ئێمەش دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی، بە دڵێکی پاک و مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای ٢٥ی ئەیلوول.

تازە زۆر درەنگە، کات بۆ ئەو جۆرە قسانە نەماوە، سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانەش، من دەمەوێ لێرە یەک شت بە خوای خۆم بڵێم، بە ئێوەش بڵێم، من ئەو کەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بکەم.

کە ئێستا حیساب بۆ خواستی گەلەکەمان نەکەن کە زۆرجار بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە، تەنیا داوای ئەوە دەکات، ڕێگەم بدەن دەنگی خۆم بدەم کە چیم دەوێ؟ تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن، چەندی بیری لێ دەکەمەوە، بۆ قەبوڵی ناکەن؟ وەڵاهی بە ڕای من تەنیا ئەوەیە کە دەیانەوێ ئیرادە و کەرامەتی ئێمە بشکێنن، ئەگینا هیچ شتێکی دیکە نییە.

ئایا چ گوناحی تێدایە میللەتێک بڵێ ڕێگەم بدەن من دەمەوێ سەربەخۆ بم؟ نابێ ئەمەش بڵێی، پاشان ڕیفراندۆم بۆ دەستنیشانکردنی سنوور نییە، بۆ فەرزی ئەمری واقیع نییە، هەنگاوی یەکەمە کە گەلێک دەڵێ من دەمەوێ سەربەخۆ بم، خواستی ئێمە و داوای ئێمە لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، دوای ٢٥ی ئەیلوول، وەرن گفتوگۆیەکی جددی لەسەر سنوور و ناوچەکان و نەوت و غاز و ئاو و هەموو شتێک بکەین. 

بەڵام پێمان بڵێن ئێستا و لە ئایندەش هەموو داواکارییەکی ئێوە قەبوڵ نییە، پێمان بڵێن بۆ هێڵی سەوز بگەڕێنەوە، بۆ زانیاریتان هێڵی سەوز هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقە لە زەمانی سەدام، واتە بۆ نزیک قوشتەپە بگەڕێینەوە و کەی بیانەوێ بە تۆپخانە لە هەولێر بدەن. 

نە ڕیفراندۆم سنووری هەرێم دەستنیشان دەکات، نە قابیلی قەبوڵە ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ یەک دەقەش گفتوگۆ لەسەر سنووری کوردستان لەسەر هێڵی سەوز کە خۆیان پێی دەڵێن، بکەین.

ئێمە ئامادەین و بەجددی بەردەوام دەبین لە هاوکاریی تەواو لەگەڵ سوپای عێراق، لەگەڵ هاوپەیمانان، لە دژی تیرۆریستانی داعش، لێرەوە سوپاسی هاوپەیمانانیش دەکەم کە لە کاتی شەڕی ئێمە لەگەڵ داعش، یارمەتیی ئێمەیان دا.

بەڕێزان، کێشە و کارەساتی گەلی ئێمە، چیرۆکێکی زۆر قووڵە، لەوەتەی دەوڵەتی تازەی عێراق دامەزراوە، ئێمە هەر دەڵێین براین و با برا و شەریک بین، لە کوێی دونیا دیوتانە میللەتێک ١٨٢ هەزار کەس بەشی هەرەزۆری ژن و منداڵن، بێ سەروشوێن کرابن و گەنجانی فەیلی و بارزانییەکانیان بردنە عەکاشات و قائیم و چەکی کیمیاییان لەسەر تاقی کرایەوە، لە کوێی دونیا هەیە دەوڵەتێک میللەتی خۆی بە چەکی کیمیاوی ئیبادە کردبێ، ئینجا بچین بڵێین براین و دەستی برایەتی درێژ دەکەین، پێمان بڵێن ملتان بشکێ بڕۆنەوە ئێوە نانی ئێمە دەخۆن؟

هەر لەم شەڕە، لە شەڕی داعش، تا ئەمڕۆ، ١٧٨٩ قارەمان شەهید بوون، ١٠ هەزار و ١٩٠ قارەمان بریندار بوون، زۆریان وایانلێهاتووە کە ژیانیان لێ تاڵ بووە و ناتوانن بژین، بە ڕادەیەک پەکیان کەوتووە کە وەکوو شەهید وان، زۆرێک لە دۆستانی دەرەوە کە دەهاتنە لامان، نیو سەعات هەر مەدح و سەنای پێشمەرگەیان دەکرد.

لە ڕاستیشدا وایە کە ئەوەی پێشمەرگە کردی، من تەحەدا دەکەم، سوپایەکی دیکە لە هەموو جیهان هەبێ، بەو چەکەی پێشمەرگە، ئەو دوژمنە بشکێنێت، کوا دەبابەی بە ئێمەیان داوە؟ کوا زرێپۆشی بە ئێمەیان داوە؟ کوا تۆپی گەورەی بە ئێمەیان داوە؟ ئەوەی هەبووە کە لە جەیشی سەدام دەستکەوت بووە کە هەمووی کۆن بووە، بەڵام پێشمەرگە بەکاری هێنا و ئەفسانەی داعشی تێکشکاند. ئێمە میللەتێکی بەوەفاین، دووبارە سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین، بەڵام ئێمە خوێنمان دا.

بەڵێ مەدحی پێشمەرگەیان زۆر دەکرد، بەڵام ئێستا قەبوڵ ناکەن دایک و کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، کەسوکاری پاشماوەی ئەنفال، کیمیاباران، فەیلی و بارزانییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان بێن تەنیا ئەوەندە بڵێن (بەڵێ ئێمە دەمانەوێ سەربەخۆ بین). لێیانگەڕێن با ڕای خۆیان دەرببڕن، پاشان ئەنفالێکترمان بکەنەوە.

من بە پێویستی دەزانی چاوپێکەوتنێکی خۆم لەگەڵ سەرۆک بۆشتان بۆ باس بکەم، ساڵی ٢٠٠٦ جۆرج بۆش سەرۆکی ئەمریکا هاتە قاعیدە ئەسەد لە پارێزگای ڕومادی، داوایان کرد، منیش چووم و هەموو سەرکردایەتیی عێراقیش هاتبوون، زۆر قسەی کرد، پاشان ڕووی لە من کرد، گوتی ئێمەی خەڵکی تێکساس و ئێوەی کوردستان، وەک یەکین، ئازاین، نەوتمان هەیە و ئاڵای خۆمان هەیە و مەردین، بەڵام هەردووکیشمان عاقڵین، ئێمە بینیمان ئەگەر لەگەڵ واشنتۆن بین بەهێزتر دەبین، ئێوەش بینیتان ئەگەر لەگەڵ بەغدا بن بەهێزتر دەبن، گوتم جەنابی سەرۆک، ئەوەی بەغدا بەسەرمانی هێناوە، واشنتۆن بەسەر ئێوەی هێنابا، بە حەیاتت نەدەچوویە واشنتۆن. 

بەڵێ ئێمە چووینەوە بەغدا، بەڵام ئێستا فەرهەنگێکیان دروست کردووە، کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبنەوە، کامەیان زیاتر جنێو بە کوردستان بدات و هەڕەشە بکات و نکۆڵی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات، دەنگی زیاتر دێنێ، دە وەرە لەگەڵ ئەوانە بژی.

لە ٢٠٠٣وە، هەرچی بە ئێمەیان گوت، گوتمان باشە، زۆر بەڵێنیان پێ داین، هیچ بەڵێنێکیان بەجێ نەگەیان و هەمووی بە زیانی ئێمە تەواو بوو، ئێستاش تا دوابکەوین، ئێمە زەرەرمەندین، بۆیە تازووترە، دەستی ئێوە و ئەم میللەتە خۆش، ڕۆژی ٢٥ی مانگ بڕۆنە سەر سندووقەکان و چارەنووسی خۆتان دیاری بکەن. ئەوەی لەگەڵ ئەمە بێت، ئەمە سندووقەکان، ئەوەی بشترسێت، با نەچێت یان با بڵێت (نەخێر).

لە بەیانی ئەنجومەنی ئاسایش هاتووە کە نیگەرانن لەوەی تەرکیز لەسەر شەڕی داعش نامێنێ، هەروەها ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، من لێرە بە ناوی پێشمەرگە قارەمانەککان و گەلی کوردستانەوە بە ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێم، جەخت لەوە دەکەینەوە کە سوورتر دەبین لە شەڕی دژی داعش و زیاتر لە جاران شەڕی داعش دەکەین.

شایه‌نى باسه‌ كەرنەڤاڵی گەورەی هەولێر بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە یاریگەی شەهید فەرەنسۆ هەریری بەبەشداری دەیان هەزار ئامادەبوو بەڕێوەدەچێت، كە تیایدا هەریەك لە كۆسرەت رەسول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو و چەندین دیبلۆماتكاری بیانی ئامادەبوون.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، به‌رده‌وام سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌نجام داوه‌ و له‌ شاره‌كانی زاخۆ و دهۆك و ئامێدی و سۆران و سلێمانی به‌شداریی كه‌رنه‌ڤاڵ و ئاهه‌نگی سه‌دان هه‌زار كه‌سی كردووه‌، كه‌ بۆ پاڵپشتیكردن له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ ده‌نگی به‌رز و به‌ به‌ڵێ پێشوازییان لێده‌كرد.

ئه‌مڕۆ بارزانی له‌ دوایین كه‌رنه‌ڤاڵی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، لە دوایین رۆژی بانگه‌شه‌دا دوا وتاری خۆی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە پێشكەش كردو پاش رۆژێكیش دێت له‌ بڕیاری به‌رده‌وامی كورد بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم بڕیاری دا رانه‌گیرێت و له‌ 25/9/2017 ئه‌نجام بدرێت.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.