Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 19:35

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد

سەرۆک بارزانی: بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا هیچ کاتێک دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە
کوردستان TV
#6
100%

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و لەدەستی هیچ حزب و کەسێکدا نەماوە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لەدیارێکدا هات کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە 23ـی9ـی2017 لەگەڵ بەڕێز برۆبۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق بەڕێوە چوو.

لەو دیدارەدا کە دۆمینیك ماس كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئاماده‌ی بوو، باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق ڕایگەیاند کە فەڕەنسا دژی خواستی گەلی کوردستان نییە و خوازیارن پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەرە پێ بدرێت. ڕاشیگەیاند کە فەڕەنسا وەک بنەما دژی ڕیفراندۆمیش نییە، بەڵام پێمان وایە ئێستا کاتەکە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبار نییە و ڕەنگە کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش بکات.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیاری یەک یا دوو حزب نییە و بڕیاری گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیشە و ئێستاش کاتی ئەوە نەماوە باس لە دواخستنی بکرێت و بڕیارەکەش لە دەست هیچ حزبێک و هیچ کەسێکدا نییە و ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆک بارزانی بە وردی ئەو هۆکارانەشی ڕوون کردەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان هیچ ئومێدێکی بە پێکەوەژیان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات. تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان ڕۆژی 25ـی9ـی2017 دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ڕای خۆیان بە جیهان ڕادەگەیەنن.

سەبارەت بە داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئێمە هیچ کاتێک دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و ئەمڕۆش شاندێک چوونەتە بەغدا تا بابەتەکە زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوون بکەنەوە و لە دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوەیە و ئامادەین بە ئەجێندایەکی کراوە و دڵێکی کراوە لەسەر هەموو بابەتەکانی وەک سنوور، نەوت، ئاو، غاز و هەر بابەتێکی دیکە کە پێویست بێت گفتوگۆ بکەین تا بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.