Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:49

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: سبەی ڕیفراندۆم به‌رێوه‌ده‌چێت

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت
کوردستان TV
#4
100%

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە سبەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەچێت.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

ڕۆژی یەکشەممە 24ـی9ـی2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبۆوە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا و بەڕێز مەسعود بارزانی باسی ئەو کۆبوونەوە و پەیوەندییانەی کرد کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.

دواتر شاندی کوردستان کە ڕۆژی 23ـی9ـی2017 سەردانی بەغدایان کردبوو، ئەنجامی سەردانەکە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان خستەڕوو و ڕوونیان کردەوە کە بەغدا بەهیچ شێوەیەک، ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبوڵ ناکات و بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون و دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیشیان ڕەت کردۆتەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان هیچ گفتوگۆیەک بکەن.

شاندەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە و ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت.

دواتر لیژنەی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بەڵگەنامەکەی خستەڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید کرایەوە کە کوردستان لە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.

دوای شی کردنەوەی سەرجەم پێشهات و هەڵوێستەکان، کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانەی دا:
یەکەم: ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧، ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.

دووەم: کۆبوونەوەکە، بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پەسند کرد و دەستخۆشیی لە لیژنەی ئامادەکاری بەڵگەنامەکە کرد.

سێیەم: دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت. بە ئەجێندایەکی کراوەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجەم بابەتەکان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.

چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەستخۆشیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیش کرایەوە کە بە یەکڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
2017/9/24

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان / سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.