Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 12:51

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد

سەرۆک بارزانی: ڕیفراندۆم سادەترین مافی دیموکراسییە و، گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە
کوردستان TV
#6
100%

ڕۆژی یەکشەممە 24ـی9ـی2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بەڕێز کۆبیس ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتووە دوایین هەنگاوەکان و هەڵسەنگاندنی سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕەوشی ئێستا و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بزانێت.

سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند کە پێچەوانەی هەموو بنەمایانە ڕەفتاریان کرد کە لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خودی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک مافێکی سەرەتایی بۆ گەلان چەسپاوە، کەچی بەو شێوەیە لەگەڵ خواستی گەلی کوردستان بۆ دەربڕینی ڕا لەسەر چارەنووسی خۆی، مامەڵەیان کرد.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە ڕیفراندۆم سادەترین مافی دیموکراسییە و گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و ڕۆژی ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ ڕیفراندۆم بەڕێوەدەچێت و دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا کراوەیە بۆ ئەوەی لەسەر سنوور و هەموو بابەتەکانی دیکە قسە بکەین و بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.

سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە کوردستان وەک پێشتر لە ڕۆڵی کارای خۆی لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت و سیاسەتیشمان بەرانبەر حەواندنەوەی ئاوارەکان وەک خۆیەتی و ئەوانە برای ئێمەن و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکاندا هەیە وەکخۆی دەمێنێتەوە.

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی کرد لەبارەی شەڕ دژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سووپای عێراق و حەواندنەوەی ئاوەرەکان و بەڵێنیشی دا نیگەرانییەکانی سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەهەموو لایەک ڕابگەیەنێت و لە ئەرکی خۆشیان کە ڕێگەگرتنە لە ململانێ و هەوڵدانیان بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان، بەردەوام دەبن.

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان / سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.