Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 23:10

سەڵاحەدین بەهائەدین: هیچ بیانووێک بۆ فەرامۆشکردنی ڕیفراندۆم نییە

ئەمینداری یەکگرتو: بە شانازییەوە سەربەخۆیی لەلای ئێمە ستراتیژە
کوردستان TV
100%


ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ بیانووێک بۆ فەرامۆشکردن یان بە کەم سەیرکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نییە و بەپێویستی زانی هەمووان پشتیوانی لە سەربەخۆیی بکەن.

لە میانی پرێس کۆنفرانسێکدا، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: ”ساڵانێکی زۆرە گەلی کوردستان چاوەڕوانە بە دەستی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و کەس وەکوو ژێردەستە سەیری نەکات، بەڵکوو خۆی مافی خۆی بنووسێت و سەربەخۆیی خۆی دیاری بکات“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە دۆخی پەیوەندیی نێوان کوردستان و عێراق چەقی بەستووە و پێویستی بەوە هەیە کە کورد تەکانێک بدات و چارەنووسی خۆی دیاری بکات. گوتیشی: ”ئێمە دەبینین کە ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێ، ڕیفراندۆمی سەرانسەریی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی زۆر سرووشتییە و دەبووایە وەکوو سرووشتی سەیر بکرایە و دەبووایە هەڵوێستی مەنتیقی و درووستی بەرامبەر بنواندرایە، بەڵام دەبینین دەوروبەرمان و تەنانەت ئەوانەی خۆیان بە دۆستمان دەزانی یان ئێمە بە دۆستمان دەزانین، کەچی ئێستا جاری وا هەیە هەڕەشەش دەکەن“.

ڕوونیشی کردەوە کە کوردستان هەموو بنەماکانی دەوڵەتداری هەیە، بەڵام سەربەخۆ نییە. گوتیشی: ”هەموو خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ڕەنگە لەسەر کات و ئامادەکارییەکان و ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستن، یان هەر جۆرە بڕوبیانووێکی دیکە، بەڵام ئەمانە هیچیان نابنە پاساو بۆ ئەوەی ئێمە ئەم کارە چارەنووسساز و بنەڕەتییە فەرامۆش بکەین یان بە کەم سەیر بکەین.

 سەربەخۆیی پرسێکی دێرینە و هەق و دادپەروەرییە و گومانی تێدا نییە، ئومێدمان وایە گەلی کوردستان بە وەلانانی هەموو کەموکوڕییەکان، بەرەو بابەتی سەربەخۆیی دەچێت“.

هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا سەڵاحەدین بەهائەدین ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەوان بە شانازییەوە بەشدارییان لە پرۆسەکانی تایبەت بە ڕیفراندۆم کردووە و ڕوونی کردەوە: ”ئەم بەشدارییە بەو مانایەش نایەت کە واز لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و بەرەوڕووبوونەوەی کەموکوڕییەکان دەهێنین.

دەبێ خەبات بۆ چاکسازی بەردەوام بێ و پرسی سەربەخۆیی کە ئەمڕۆ ڕیفراندۆم هەنگاوی یەکەمە و دواتر گفتوگۆ و دڵنیاکردنەوەی دراوسێکان و وڵاتانی دونیا دەست پێدەکات. دەبێ ئیرادەی خۆمان چاک بکەین و چاکسازی بکەین و پەرلەمان کە خۆشبەختانە کارا بووەتەوە، کاراتر ببێ. ئەو لایەنانەی کە هێشتا لە پەرلەماندا بەشدارییان نەکردووە، بۆ سەر کورسییەکانیان بگەڕێنەوە و لەوێوە خەباتی پەرلەمانی بۆ چاکسازی بکەین“.

ئەو دەنگۆیانەشی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن، ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی قاتوقڕی و شەڕ و شۆڕ و بە ناڕاست وەسفی کرد و ڕای گەیاند: ”سیاسەتی نائومێدکردن و ناڕەحەتکردنی خەڵک لەپێناو سەرگرتنی قسەکەی خۆت، ڕاست نییە“.


لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو بەدیلانەی هاتووە کە ئێمە دیومانە، لە ئاستی ئەوە نییە دڵی پێ خۆش بکەین، بەڵێنێکی بێ زەمانەتە. ئەوەی زۆر دیارە، ئامۆژگارییە و دەڵێن ئێمە پێمان باش نییە. ئینجا 2 ساڵ گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا داناوە بەبێ زەمانەتێکی دیاریکراو، لەکاتێکدا 14 ساڵە لەگەڵ بەغدا کۆمەڵێک پۆستیشمان هەیە، بەڵام کێشە لە بوونی عەقڵیەتی بەغدایە کە هێشتا جێگەی قەبوڵکردنی مافی کوردی تێدا نەبووەتەوە“.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.