Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 04:59

کۆسرەت رەسول عەلی پیرۆزبایی ئاراسته‌ى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان ده‌کات

كۆسرەت رەسول: كورد دەیەوێ لە ئایندەدا دراوسێیەكی باشی عێراق بێت
کوردستان TV
100%


ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە كورد دەیەوێ لە ئایندەدا دراوسێیەكی باشی عێراق بێت.

ئەمەی خوارەوەی دەقی پەیامەكەیە:-

شه‌ره‌ف و شانازییه‌كى گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌له‌كه‌مان كه‌ له‌ رۆژی گشتپرسیدا هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و سندوقه‌كانى ده‌نگدان چووین و به‌ به‌ڵێ ده‌نگماندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌م هه‌نگاوه‌ش گه‌له‌كه‌مان رۆحی شه‌هیدانیان ئاسووده‌كردو بۆ جیهانى ده‌ره‌وه‌شمان سه‌لماند كه‌ میلله‌تێكى ئازادیخوازین و ده‌مانه‌وێ به‌ ئاشتى و ئازادی و ئارامى بژین.

له‌م رۆژه‌ مێژووییه‌دا پیرۆزبایی گه‌رمى خۆم ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م و دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئیدى ده‌بێ سه‌ركردایه‌تى سیاسی كورد به‌ كۆده‌نگى و یه‌كده‌نگى نیشتمانى هه‌وڵ بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بدات.

جه‌ماوه‌رى خۆڕاگری كوردستان...

له‌ رۆژی پیرۆزی گشتپرسیدا هاوكات له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانى كوردستان به‌ كه‌ركووكى شارى ئاشتى و برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیانى نێوان پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان و "سه‌ر"ى كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ترو كوردانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات، هاونیشتمانیانمان "به‌ڵێ"ی سه‌ربه‌خۆبوونیان هه‌ڵبژاردوو جوانترین و ئاشتیانه‌ترین و دیموكراسیترین په‌یامیان ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى كردو وتیان به‌ڵێ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئازادو سه‌ربه‌خۆ بژین به‌بێ هیچ جیاوازییه‌كى ئایینى، نه‌ته‌وه‌یی و كلتوورى، هه‌ربۆیه‌ جارێكى تر پیرۆزبایی گه‌رمى خۆم ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م خوشك و برا عه‌ره‌به‌كان، توركمان و كلد و ئاشوورییه‌كان ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌مڕۆ هاوئاوازى گه‌لى كورد گوتیان به‌ڵێ ده‌مانه‌وێ به‌ ئاشتى و ئارامى له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كانمان بژین.

لێره‌وه‌ش دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ ئامانجمانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند و سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌ست بكه‌ینه‌وه‌ به‌ گفتوگۆیه‌كى جدی و بنیاتنه‌رانه‌ و له‌رێگاى لێكتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش چاره‌سه‌رى گونجاو بۆ پرسه‌ گرنگه‌كانى نێوانمان و ئاینده‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانمان بدۆزینه‌وه‌ و دوو دراوسێی باش بین. هاوپه‌یمانى ستراتیژی سه‌رجه‌م وڵاتانى دیموكراتخواز بین و به‌هه‌موومان له‌به‌ره‌ى دیموكراسی دژی تیرۆرستان بوه‌ستینه‌وه‌، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌رگاى گفتوگۆمان واڵایه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك و ده‌مانه‌وێ سه‌رجه‌م ناكۆكی و جیاوازییه‌كانمان له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ و به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

جارێكى تر پیرۆزبایی خۆم و سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تى سیاسی كورد ئاراسته‌ى گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌م و له‌م رۆژه‌ مێژووییه‌دا سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدان داده‌نوێنین و پێیان ده‌ڵێین كاروانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌و تا دوامه‌نزڵ ناوه‌ستێ.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.