Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 07:53

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڕیاره‌کانى په‌رله‌مان و حکوومه‌تى عیراق ڕه‌تده‌کاته‌وه‌

كوردستان هه‌میشه‌ مایه‌ى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ بووه‌، بۆ هه‌میشه‌ش هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌
کوردستان TV
100%


سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 29/9/2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستخۆشى و پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى ڕیفراندۆمى له‌ گه‌لى كوردستان كرد كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كى دیموكراسیى و مه‌ده‌نیدا خواستى خۆى بۆ جیهان نیشان دا و پرۆسه‌كه‌ش‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوورى عیراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و جاڕى گه‌ردوونیى مافه‌كانى مرۆڤدا كۆكه‌. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ بۆ قۆناغى داهاتوو و چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى دانوستان و گفتوگۆیه.


ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ى دڵینا كرده‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییى هیچ وڵاتێك هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ و وه‌ك چۆن له‌ زیاتر له‌ بیست و پێنج ساڵى ڕابردوودا سه‌لماندوویه‌تى كه‌ گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ مایه‌ى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ بووه‌، بۆ هه‌میشه‌ش هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌، پابه‌ندیى خۆیشى به‌ به‌رده‌وامیى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن له‌ یه‌كترى و به‌رژوه‌ندیى هاوبه‌ش دووپات كرده‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ته‌واوى ئه‌و بڕیارانه‌ى ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ دوێنێ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌ دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رچوون و ئه‌و بڕیاریانه‌ى به‌ سزادانى به‌كۆمه‌ڵى گه‌لى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كان ناده‌ستوورى و نایاسایین و ڕێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ن كه‌ له‌ بنه‌مادا هه‌رێمى كوردستان مه‌ترسى و كێشه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵیه‌ته‌دا هه‌یه‌ و به هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌راكه‌تى قبووڵ نه‌كردووه‌ و ئاماده‌ نه‌بووه‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان بدات. وێڕاى ئه‌وه‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ عیراق بكه‌وێته‌ دانوستان و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌نجومه‌نى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێكارى یاسایى بۆ تانه‌دان له‌ ناده‌ستوورى و نایاساییبوونى ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر.

ده‌رباره‌ى بڕیارى داخستنى جووڵه‌ى فڕۆكه‌وانى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا و قه‌ده‌غه‌كردنى گه‌شتى فڕۆكه‌وانى له‌ فڕۆكه‌خانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ته‌واوى نایاسایى و ناده‌ستوورییه‌ و پێچه‌وانه‌ى یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یمانى شیكاگۆى نێوده‌وڵه‌تیى فڕۆكه‌وانیشه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت فڕۆكه‌خانه‌كان له‌ كێشه‌ سیاسییه‌كاندا بۆ سته‌ملێكردن و ڕێگه‌گرتن له‌ گه‌شتى هاووڵاتیان به‌كار بهێنرێن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێز وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ڕاسپارد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى به‌غدا بكه‌وێته‌ گفتوكۆ، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى نایاساییبوون و ناده‌ستووریبونى ئه‌و بڕیاره‌ چ به‌پێى یاساكان و ده‌ستوورى عیراق و چ به‌پێى ڕێككه‌وتن و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕوون بكرێته‌وه‌ و ڕیكارى یاسایى به‌رامبه‌ر بگیرێته‌ به‌ر.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ وێڕاى دۆخى دارایى و ئابووریى سه‌ختى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌موو كۆمه‌ك و هاوكاریكردنێكى بۆ په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانى ناوخۆى عیراق به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌م بڕیاره‌ ناڕه‌وایانه‌ى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عیراقیش هیچ كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران و ئاواره‌كاندا نابێت.

هاوپێچ ده‌قى سه‌ره‌نج و تێبینییه‌ یاساییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى په‌ر‌له‌مان و حكوومه‌تى عیراق:


أ- سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە كۆبوونەوەی ژمارە (23)ی ڕێكەوتی 27/9/2017 كە تایبەت بوو بە كاردانەوەی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناو هەرێم و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەم ڕاگەیاندراوەدا هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو:

سەرەتا لەبەر ڕۆشنایی بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (121) لە دەستووری عێراقی فیدراڵ، بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران شایەنی جێبەجێكردن نین لە هەرێمی كوردستان بە ڕەهایی تاوەكو لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری جێبەجێكردنیان پێ دەردەچێت و لە دوای جێبەجێكردنی دەستووری نوێی عێراقیشەوە ئەمە بووە بە نەریتێكی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكات كە بە زووترین كات بڕیاری یەكلاییكەرەوە لەسەر ئەم بڕیارانە بدات كە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ناڕەوا و نادەستوورییانەی دەزانێت وەك لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕوونی دەكەینەوە:

1.  ئەوەی لە پێشەكی و بڕگەی (1)ی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە بە تەواوی پێچەوانەی بنەمای دیموكراتییە كە لە ماددەی (1)ی دەستوور چەسپێنراوە وەك بنچینەی دامەزراندنی حكوومەتی فیدراڵی، ڕیفراندۆمیش جێبەجێكردنێكی فیعلیی بنەمای دیموكراتییە، لەسەر ئەو بنەمایەی ئیرادەی گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە، سەرەڕای ئەوەی كە لە بڕگەی (1) لە ماددەی (38) لە دەستووردا هاتووە مافی ڕادەربڕین چەسپێندراوە و ڕیفراندۆمیش ئامرازێكە بۆ زانینی ڕای هاووڵاتییان و هیچ دەقێكی یاساییش نییە لە دەستوور كە ڕێگر بێت لە پیادەكردنی ئەم مافەدا، چ جاى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق مافى پیاده‌كردنى ڕیفراندۆم له‌لایه‌ن هاووڵاتیانى كوردستانه‌وه‌ به‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌م بدات و داواى به‌دواداچوونى قه‌زایى بكات بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ پرۆسه‌كه‌دا به‌شدار بوون.

2.  ئەنجومەنی نوێنەران ناڕەوایی لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانیدا كردووە وەك كاردانەوەی نەرێنی و سزادانی به‌كۆمه‌ڵى هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و زێده‌ڕۆییشى كردووە لە دەركردنی ئەو بڕیارانە كه‌ ئه‌ركى ئه‌و نین.

3.  سەبارەت بە پابەندكردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ بڵاوەپێكردنی هێزە فیدراڵییەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی بڕگەی (1) لە ماددەی (9)ی دەستوورە كە ناكرێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزەكانی ئاسایش بەكار بهێنرێن دژی پێكهاتەكانی گەلی عێراق.

4.  ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەران بوونەتە هۆكاری لەكارخستن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، چونكه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كانى هاتوو له‌ مادده‌ى (110)ى ده‌ستوورن. بەپێی بڕگەی (4)یش لە ماددەی (26)ی دەستوور، ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵی بۆی نییە هیچ كام لە دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.

5.  بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزاریی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی فیدراڵ كە لە بڕگەی (3)ی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی پێدراوە، هیچ پابەندییەكیان نییە لەسەر هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی دەسەڵاتە ڕەهاكانی حكوومەتی فیدراڵییە، له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌رێمى كوردستان به‌پێى یاساى خۆى ژماره‌ (4) ساڵى 2011 خاوه‌نى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى خۆیه‌تى‌.

6.  بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەكان لە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی نییە و بە هیچ جۆرێك لە ماددەی (110)ی دەستووردا ئاماژەی پێنەدراوە و بەپێی ماددەی (115) لە دەستوور هەر بابەتێك كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە ڕەهاكانی حكومەتی فیدراڵییدا نەهاتبێت، دەسەڵاتی هەرێمەكانە.

7. سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكان كە دەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی نەوت و گاز، ئەویش لە ماددەی (110)ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا نەهاتووە بەڵكو لە چوارچێوەی ماددەی (112)دا چارەسەر كراوە، بۆیە ئەمەش دەسەڵاتی ڕەهای حكوومەتی فیدراڵی نییە.

8. سەبارەت بە داخستنی نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، مافێكی بەدەستهاتووە بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی كردنەوەی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییانە بەبێ ئەوەی هەرێمی كوردستان كەموكوڕی هەبووبێت لە پێوەر و ڕێنماییەكانی كاركردنی ئەم نوێنەرایەتی و نووسینگانە بە ناڕەواییكردن لە دەسەڵاتدا ئەژمار دەكرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ى یاساى گشتیى نێوده‌وڵه‌تى و به‌پێى ڕێككه‌وتننامه‌ى ڤیه‌ننا بۆ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسى و كونسلگه‌رییه‌كانى ساڵى 1963، كارى كونسول و دیپلۆماتكاران ڕێكخراوه‌.

ب- سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراقی فیدراڵی لە بەغدا لە كۆبوونەوەی ئاسایی لە ڕێكەوتی 26/9/2017 تایبەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی و بابەتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵی بە نایاسایی و نەگونجاو دەزانێت پشتبەست بەم خاڵانەی خوارەوە:


1. لە پێشەكی بڕیارەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پشتی بەستووە بە بڕگەكانی (یەكەم) و (دووەم) و (سێیەم) لە ماددەی (110) لە دەستووری عێراقی فیدراڵ كە هیچ كام لەم بڕگانە دەسەڵاتی لەو شێوەیەی بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی نەداوە، بەڵكو ئەو بڕگانە باس لە دانان و داڕشتنی سیاسەت دەكات، نەك پێدانی دەسەڵات و داخستنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكەخانەی مەدەنی و جێگرتنەوەی فەرمانبەر و كارمەندی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنیان لە بری هەرێمی كوردستان.

2. بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاگرتنى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان پشتی بە یاسای دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی ژمارە (148)ی ساڵی 1974 بەستووە كە یاسایەكی مەركەزیی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و لەگەڵ بنەماكانی دەوڵەتی فیدراڵی هاتوو لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا ناگونجێت، كە ئەمەش پێچەوانەی حوكمی ماددەی (13)ە لە دەستوور كە تیایدا هاتووە كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت كە دژ بە ئەحكامەكانی دەستوور بێت، سەرەڕای ئەوەش هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لە سەرەتای دەستبەكاربوونیانەوە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی فیدراڵی بوون به‌ جۆرێك هاوشێوه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى دیكه‌ى عیراق هه‌مان ڕێنمایی و مەرج و پێوەرە تەكنیكی و یاساییەكانی كارپێكراوی ئەو دەسەڵاتەی جێبەجێ كردووە، بەردەوامیش تیمەكانی چاودێری و سەرپەرشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی فیدراڵی سەردانی دەورییان كردووە بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی ئەو مەرج و پێوەر و پێداویستییانە بە شاهێدیی بەڕێز وەزیری گواستنەوەی عێراقی فیدراڵ دڵنیایی دراوە كە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی پابەندی مەرج و پێوەرەكانی دەسەڵاتی ناوبراون.

بەم شێوەیە، فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ ڕێكارێكی نایاساییان ئەنجام نەداوە تاوەكو ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ ناچار بكات بڕیاری لەم شێوەیە دەربكات بۆ ڕاگراتنى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانیان. ئه‌مه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى یاساى ده‌زگاى فڕۆكه‌خانه‌كانى شارستانیى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ 18)ى ساڵى 2008ـه‌، به‌پێى مادده‌ى (121)ى ده‌ستووریش له‌ كاتى هه‌بوونى ناكۆكى، كار به‌ یاساكانى هه‌رێم ده‌كرێت.

3. یاسای (فڕۆكەوانیی مەدەنیی فیدراڵی) كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراق بۆ ڕاگرتنى گه‌شته‌كانى فڕۆكاخانه‌كانى هه‌رێم پێشتى پێ به‌ستووه‌، لە ماددەی (3)یدا هاتووە كە بەڵگەنامە و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە فڕۆكەوانیی مەدەنی بەشێكی دانەبڕاون لە یاساكە و حكوومەتی فیدراڵی پابەندە بە جێبەجێكردنیان بە تایبەتیش (ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی شیكاگۆ بۆ فڕۆكەوانیی نێودەوڵەتیی ساڵی 1944) كە (54) پەنجا و چوار دەوڵەت ئەندامن تیایدا و بە ئاشكرا لە ماددەی (4)ی ئەم ڕێككەوتننامەیەدا هاتووە كە نابێت فڕۆكەخانە مەدەنییەكان بۆ مەبەستی نەخوازراو بەكاربهێنن، ئەمە سەرەڕای ئه‌وه‌ى كه‌ بەپێی ماددەی (13) لە جاڕنامەی جیهانیی بۆ مافەكانی مرۆڤ و ماددەی (12) لە ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافی مەدەنی و سیاسی، مافی گەشتكردن بۆ هەموو كەس پارێزراوە و نابێ كۆتى بخرێته‌ سه‌ر.

4. سەبارەت بە یاسای (قانون هیئه‌ المنافژ الحدودیه‌) ژمارە (30)ی ساڵی 2016، ئەم یاسایە بەركار نییە لە هەرێمی كوردستان تاوەكو بڕیاری ئینفازكردنی پێدەرنەچێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕگەی (2) لە ماددەی (121) لە دەستووری عێراقی،و بە تایبەتیش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بنەمای زۆرینەی پەرلەمانی بەكارهێنا بۆ تێپەڕكردنی ئەم یاسایە و جێبەجێكردنی ئەم یاسایەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم چونكە ئەنجومەنی ئەم دەستەیە زۆرینەی لە نوێنەری وەزارەتە فیدراڵییەكانە.

5. ڕاستە كە كردنەوەی دەروازەی سنووری و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پێویستی بە ڕەزامەندیی حكوومەتی فیدراڵی هەیە چونكە لایەنی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەمە بەم مانایە نییە كە بەكارخستن و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان بە تەنها لە دەسەڵاتی فیدراڵی بێت.

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان / سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.